هه‌واڵ

نێچیرڤان بارزانى: ئێمە ڕێگەی ڕاست و ڕێگەی خوامان هەڵبژاردووە

زێدپرێس

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێداگیری لەسەر پێویستی یەکتر قبوڵکردن و پێکەوەژیانی ئاشتییانە دەکات و ڕای دەگەیەنێت، “ئێمە ڕێگەی ڕاست و ڕێگەی خوامان هەڵبژاردووە کە باوەڕمان بە پێکەوەژیانە”.

ئەو گوتانەی نێچیرڤانی بارزانی سەرۆکی هەرێم، لە میانەی گوتارەکەی هات، کە ئەمڕۆ شەمە ٥ی ئابی ٢٠٢٣، لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی کۆمەڵگە و کاتێدراڵى نوێی پاتریەرکیی که‌نیسه‌ى ڕۆژهەڵاتیی ئاشووری له‌ هه‌ولێر کرد،‌ به‌ ئاماده‌بوونى قەداسەتی پاتریارک مار ئاوای سێیەم، پاتریارکی کەنیسەی ڕۆژهەڵاتیی ئاشووری لە عێراق و جیهان، پێشکەشی کرد.

له‌ ڕێوڕه‌سمه‌که‌دا که‌ ژماره‌یه‌ک له‌ وه‌زیران و به‌رپرسانى هه‌رێمى کوردستان و دیپلۆماتکاران و پیاوانى ئایینیى مه‌سیحى و ئیسلامى و په‌یڕه‌وانى که‌نیسه‌ى ڕۆژهەڵاتیی ئاشووری ئاماده‌ى بوون، نێچیرڤان بارزانى، وتارێکی پێشکه‌ش کرد، ئه‌مه‌ ده‌قه‌که‌یه‌تى:

 

بەڕێز قەداسەتی پاتریارک مار ئاوای سێیەم

پاتریارکی کەنیسەی ڕۆژهەڵاتیی ئاشووری لە عێراق و جیهان

که‌سایه‌تى و پیاوانى ئایینی و ئامادەبووانی بەڕێز..

 

ئێوارەتان باش…

بەخێرهاتنتان دەکەم بۆ کردنەوەی کۆمەڵگە و کاتێدراڵى نوێی پاتریەرکی لە شاری هەولێر. زۆر خۆشحاڵم لەگەڵ ئێوه‌ى به‌ڕێز له‌م ڕێوڕەسمەدا بەشدارم. پیرۆزبایی لە هەموو پەیڕەوانی که‌نیسه‌ى ڕۆژهەڵاتیی ئاشووری دەکەم لە هەرێمی کوردستان و عێراق و جیهان و لە هەموو مه‌سیحییان بەگشتی بە بۆنەی کردنەوەی ئەم کۆمەڵگەیە.

لێرەدا و به‌م بۆنه‌یه‌وه‌ به‌ ڕێز و پێزانینه‌وه‌ یادى خوالێخۆشبوو قه‌داسه‌تى پاتریارک مار ده‌نخاى چواره‌م، سه‌رۆکى پێشووترى که‌نیسه‌ى ڕۆژهەڵاتیی ئاشووری ده‌که‌ینه‌وه که‌ بڕیارى دا کورسیى که‌نیسه‌که‌ له‌ ئه‌مه‌ریکاوه‌ بگوازرێته‌وه‌ بۆ هه‌ولێر، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ مه‌رگ مه‌وداى نه‌دا و به‌رله‌وه‌ کۆچى دوایى کرد. یادى به‌ خێر و هیوادارین کردنه‌وه‌ى ئه‌م کاتێدراڵه‌ گیانى شاد بکات.

ئه‌و بڕیاره‌ بڕیارێکی زۆر ئازایانە بوو. پشتگیرییەکی گەورە بوو لە کوردستان، هەروەها متمانە و باوەڕی بۆ مه‌سیحییه‌کان دروست کرد کە لێره‌ له‌ وڵاتى خۆیان بمێننه‌وه و بڕوایان پێى هه‌بێت و کۆچ نەکەن. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ش ساڵی ٢٠١٤ کە داعش بەشێکی لە خاکی کوردستان و عێراق بەگشتی و بەشێکی سووریای داگیر کردبوو، ژمارەیەکی زۆر لە مه‌سیحییان و خەڵکی دیکە، ڕوویان له‌ هه‌رێمى کوردستان کرد.

هەر بۆیە ئەمڕۆ خەڵکی هەولێر و کوردستان له‌گه‌ڵ قەداسەتی پاتریارک مار ئاوای سێیەم، زۆر دڵخۆشن بە کردنەوەی کاتێدراڵ و ئەم کۆمەڵگە ئایینییە لە هەرێمی کوردستان.

دڵنیام ئه‌م کۆمەڵگه‌یە جوانە دەبێتە ناوەندێکی دیکەی بەهێزکردنی باوەڕ و هەستی پێکەوەژیان لە هه‌رێمى کوردستان و له‌ عێراق، دەبێتە هاندەرێکی دیکە بۆ مانەوە و بەجێنەهێشتنی وڵات. کوردستان بە فرەنەتەوە، فرەئایین و فرەپێکهاتەکەییەوە جوانە. مه‌سیحییه‌کان بەشێکی سەرەکین لە جوانیی پێکەوەژیانى کوردستان.

لە کوردستان پێکەوەژیانی ئاشتیانە بووەتە کولتوورێکی بەهێز کە هیچ ڕژێم و هێزێک بە هەموو پیلانەکانیانەوە نەیتوانیوە تێکی بدەن. پێکەوەژیان بنەمایەکی قووڵی باوەڕی هەموو کوردستانییانه‌، ئینجا سەر بە هەر نەتەوه‌یه‌ک و سه‌ر به‌ هه‌ر ئایینێک بن. ئەم پێکەوەژیانەی ئێمە لە کوردستان ئەوەندە قووڵ و بەهێزە، بووەتە مایەی هێزێکی گەورە بۆ هەموومان و بووەتە جێگەی ڕێزی جیهان.

هەموومان لە کوردستان لە بیرمانە کاتێک بەڕێز باراک ئۆباما سەرۆکی ئەمه‌ریکا لە وتارە مێژووییەکەیدا شەوی ٧ی ئابی ٢٠١٤ بڕیاری ئەمه‌ریکاى بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى داعش دا، گوتی: “هەولێر هێڵی سوورە بۆ ئێمە”. یەکێک لەو هۆکارانەی کە باسی کرد بۆ پێویستیی پاراستنی هەولێر و هەرێمی کوردستان ئەوە بوو گوتی: لەو ناوچەیەدا پێکەوەژیانێکی زۆر سەرکەوتووانە و بەهێز دروست کراوە.

مایەی شانازییە بۆ هەموومان لە دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١ـه‌وه‌ کە پەرلەمانی کوردستان دانرا، پێویستیی هەبوونی نوێنەرانی مه‌سیحى و تورکمان لە پەرلەمان و حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا، یەکێک بوو لە بڕیارە سەرەکییەکان. ئەوکات و تا ئێستاش لەگەڵ بایەخدان بە زمانی کوردی، بایەخ بە زمانی سریانی و تورکمانی درا، منداڵانی مه‌سیحى و تورکمان بە زمانی خۆیان دەستیان بە خوێندن کرد له‌م هه‌رێمه‌.

ئەو ئازادییەی لە هەرێمی کوردستان بەدیهات، بووە مایەی بووژانەوە بۆ هەموو نەتەوە و ئایین و پێکهاتەکان لە کوردستان. ئەو پێکەوەژیانە، کوردستانی بۆ ئێمە خۆش کرد و بۆ جیهانیش جوان کردووە. ئێمە دەست لە بەهێزکردنی پێکەوەژیان هەڵناگرین و زیاتر پەرەی پێدەدەین.

 

ئامادەبووانی بەڕێز …

ئەم ناوچەیەی ئێمە کە لە مێژووی کۆندا ناوی میزۆپۆتامیا بووە، ناوەندێکی گەورەی گەشەکردنی ژیان و مرۆڤایەتی و شارستانی بووە. ناوچەیەکی تێکەڵ و هەمەڕەنگی نەتەوەکان بووە. میزۆپۆتامیا بە ڕاستی باخچەی ڕەنگینی نەتەوەکان بوو. بەڵام بەداخەوە لە ئەنجامی هێرشە دەرەکییەکاندا جینۆسایدی زۆر گەورە لەو ناوچەیەدا ڕووی دا. لەگەڵ ئەوەش لە کوردستان، فرەنەتەوەیی و فرەئایینی هەر مایەوە و لەناو نەچوو، چونکە نەتەوە و ئایینەکان بوونە قەڵغانی پاراستنی یەکتر.

مێژووی پێکەوەژیان لە کوردستان کۆنە و لەلایەن هەندێک سەرکردەی مێژووییشه‌وه‌ لە زۆر قۆناغدا نوێکراوه‌ته‌وه‌ و بەهێزکراوه‌. هەروەک سەرۆک مەسعوود بارزانیش نووسیویەتی و فه‌رموویه‌تى، ئەم پێکەوەژیانە سەرەتای سەدەی ڕابردوو لەنێوان سەیدا عەبدولسەلامی بارزان، مار بنیامین شەمعوون و ئەندریانیک پاشادا بەهێز کراوە.

ئەو ڕێککەوتن و هاوخەباتییەی سەیدا عەبدولسەلام بارزانی و مار بنیامین شەمعوون دروستیان کرد، بە خۆشحاڵییەوە لە شۆڕشەکانی بارزان و شۆڕشی ئەیلوول و گوڵاندا ڕەنگی دایەوە و تائێستاش بەردەوامە، بە پشتیوانیی خوای گەورە، هەر بەهێزتریش دەبێت لە کوردستان.

 

بەڕێزان..

ئەو هاوکاری و یەکترپاراستنە جارێکی دیکە بە فراوانی نوێ کرایەوە لە کاتی جەنگی تاییفیدا لە عێراق دوای ساڵی ٢٠٠٣ و دوای هێرشە تیرۆریستییەکانی ڕێکخراوی قاعیدە و دوای هێرشی تیرۆریستانی داعش. هەرێمی کوردستان بە شانازییەوە بووە پەناگەیەکی ئارام بۆ پاراستنی مه‌سیحییان و پێکهاته‌کانى عێراق، ئەوەش ئەرکی ئێمە بووە و جێگەی شانازیی هەموو خەڵکی هەرێمی کوردستان بووە ئەوکات و ئێستاش.

بەداخەوە دوای دەستپێکردنی شەڕی تاییفی و هێرشەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی قاعیدە لە شارەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق لە ماوەی نێوان ساڵەکانی ٢٠٠٤ تا ٢٠٠٨، بەگشتی ١١١ کەنیسە تەقێندرانەوە، یان هێرشیان کرایە سەر. ١،٣١٥ هاووڵاتیی مه‌سیحیى مەدەنی شەهید کران، بە سەدان مه‌سیحى ڕفێندران، چەندین مەتران و شەماشە تیرۆر کران. چەندان منداڵی مه‌سیحى لە ڕێگەی قوتابخانەدا شەهید و بریندار کران. دەیان موڵک و ماڵ و خانووی مه‌سیحییه‌کان دەستی بەسەردا گیرا.

بە خۆشحاڵییەوە بەهۆی پارێزراویی پێکەوەژیان و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و هەوڵی دامودەزگاکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەو کاتیش یەک کەنیسە و یەک مه‌سیحى لە هەرێمی کوردستان زیانی پێنەگەیشت. دەیان پێشمەرگە گیانی خۆیان کردە قوربانی لەپێناو پاراستن و ڕزگارکردنی گوند و شارۆچکە مه‌سیحییه‌کانى دەشتی نەینەوادا.

لە ئەنجامی هێرشەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی قاعیدەدا، دەیان هەزار مه‌سیحى ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون. مانگی حوزەیرانی ٢٠١٤ بەهۆی هێرشی تیرۆریستانی داعشه‌وه‌ بۆ سەر پارێزگای نەینەوا، لە شەو و ڕۆژێک دا ١٥٠ هەزار مه‌سیحى ڕوویانکردە هەرێمی کوردستان، تائێستاش ٤٠٪ی ئەو ئاوارانە نەگەڕاونەتەوە شوێنەکانیان لە پارێزگای نەینەوا و لە هەرێمی کوردستان دەژین.

ئێستا قەزای عەنکاوە یەکێکە لە گەورەترین شارە مەسیحییەکانی ڕۆژ‌هەڵاتی نێوەڕاست، کە ٨٦ هەزار مه‌سیحى تێیدا نیشتەجێن. هەموو کاتێک عەنکاوە لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە مامەڵەیەکی تایبەتی لەگەڵدا کراوە و لەلایەن خەڵکی هەرێمی کوردستانەوە بە چاوى ڕێزەوە تەماشای کراوە.

 

بەڕێزان ..

پێویستە لێرەدا زۆر سوپاسی وەزارەتی ئەوقاف و وه‌زیرى ئه‌وقاف و کاروباری ئایینیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بکەین کە هەمیشە مامۆستایانی ئایینی هان داوە بۆ بەهێزکردنی پێکەوەژیان. هەروەها زۆر سوپاسی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان و مامۆستایانی ئایینی ئیسلام لە هەرێمی کوردستان دەکەم کە ڕێگر بوون لە بڵاوکردنەوەی وتاری دژایەتی و تێکدانی پێکەوەژیانی ئایینی لە کوردستان.

لە هەمان کاتدا سوپاسی مەتران و پیاوانی ئایینی مەسیحی دەکەین لە هەرێمی کوردستان کە بە هیچ شێوەیەک ڕێگەیان نەداوە بە هیچ دەنگ و کردەوەیەکی ئیستیفزازی، یان هەڵسوکەوتێک کە دڵی موسڵمانان یان ئایینەکانی دیکە لە هەرێمی کوردستان ئازار بدات و دژی هەموو گوفتار و کردارێکی بەو شێوەیە بوونە لە هەموو جیهان.

 

بەڕێزان ..

پێشکەوتن و سەرکەوتن بە یەکڕەنگی دروست نابێت. فرەڕەنگی و هەمەڕەنگی،  بووەتە مایەی پێشکەوتنی جیهان و مرۆڤایەتی. شەڕی نەتەوەیی و ئایینی و تاییفی، زۆر وڵاتی وێران کردووە و دوایخستوون. بەڵام ئەو گەلانەی پێکەوەژیانی ئاشتیانەی نەتەوەیی و ئایینیان هەیە، وڵاتەکانی خۆیان و جیهانیان پڕ کردووە لە پێشکەوتنی تەکنەلۆژی و له‌ شارستانی. ڕێگەی پێشکەوتنی وڵاتان و خۆشگوزەرانیی گەلان، زۆر بە ڕوونی دیارە کە ئەویش  ئاشتی و یه‌کترقبووڵکردن و پێکەوەژیانە. ئێمە ڕێگەی ڕاست و ڕێگەی خوامان هەڵبژاردووە کە باوەڕمان بە پێکەوەژیانە.

خوای گەورە دەیتوانی هەموو مرۆڤەکان بە یەک نەتەوە و یەک زمان دروست بکات، بەڵام فرەیی کردە میکانیزمی پێشکەوتنی مرۆڤایەتی، ئەویش بە هاندانی مرۆڤەکان بۆ یەکترناسین و هاوکاری و پێکەوەژیان.

ئێستا کە ئەمڕۆ لە هەمان ئەو شوێنە و له‌وبه‌رى شه‌قامه‌که‌، به‌رامبه‌ر ئەم که‌نیسه‌یه‌ جوانە مزگەوتێکی جوانیش دەبینین، ئاسۆیەکی ڕوون دەبینم بۆ بەهێزبوونی زیاتری پێکەوەژیان لە کوردستان. هیوادارم هەموو تاکێک، هه‌موو دایکوباوکێک لە ماڵ، هەموو مامۆستایەک لە قوتابخانە، هەموو کەسایەتییەکی ئایینی لە پەرستگە، ڕۆژانە وانەی جوانی پێکەوەژیان بڵێنەوە، ئەوە ویستی خوایە و ڕێگەی پێشکەوتنی کۆمەڵگەیە. دەبێ ئەو ڕێگەیە بەرنەدەین و زۆر بەهێزتری بکەین.

جارێکی دیکە پیرۆزبایی کردنەوەی ئەو کاتێدراڵه‌ و کۆمەڵگەیەتان لێ دەکەم و هەر بژین بە ئاشتی و خۆشی.

 

زۆر سوپاس..

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...