هه‌واڵ

‏١٠ هێز و لایەنی کوردستانی دژی کۆنفرانسەکەی لۆزان ڕاگەیەنراوێکیان بڵاوکردەوە

زێدپرێس

 

لە ڕاگەیەنراوێکی تایبەتدا، ١٠ هێز و لایەنی کوردستانی، بەتوندی ڕەخنە لە کۆنفرانسی سەد ساڵەی لۆزان دەگرن و بە سووکایەتی بە خەبات و تێکۆشانی گەلی کوردستانی لەقەڵەم دەدەن و ڕێکخەرانی کۆنفرانسەکە تۆمەتبار دەکەن بەوەی مەبەستی لێکترازان و چەسپاندنی پارچەکردنی کوردستانیان هەیە.

 

ڕاگەیەنراوەکە، بەناوی نوێنەرایەتی پارتە کوردستانییەکان لە دەرەوە و بە ڕێککەوتی ٢٥ی تەمووزی ٢٠٢٣(دوێنێ سێشەم) ئیمزا کراوە. ئەوان بە نیگەرانییەوە لەو کۆنفرانسە دەڕوانن، کە ڕۆژانی ٢٢ تا ٢٤ی تەمووزی ئەمساڵ بەناوی سەد ساڵەی لۆزان و لە سویسڕا بەسترا.

پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و چەند لایەنێک وەک ڕێکخەری کۆنفرانسەکە دەناسێنن، بەبێ ئەوەی ئاماژە بە ناوەکانیان بدەن، بەڵام وەک دەردەکەوێت، مەبەست لە لایەنەکانی بەشدار لە حوکمڕانی هەرێمی کوردستانە.

ئەو هێز و لایەنە سیاسییانە، کۆنفرانسەکە بە سووکایەتی و بێڕێزی بەرانبەر بە خەبات و تێکۆشانی گەلی کوردستان دادەنێن و پێیان وایە، “ئەجێندای نامۆ و گوماناوی چەند کەس و لایەنێک” لە پشت کۆنفرانسەکە و بەتایبەت هەڵواسینی چوار ئاڵای کوردستان کە هەریەک بۆ گوزارشت لە پارچەیەکی کوردستان لە کۆنفرانسەکەدا هەڵواسرابوون، هەیە.

 

دەقی ڕاگەیەنراوەکە:

بەیاننامەی پارتە کوردستانییەکان لە دەرەوە

‏جێگای داخ و نیگەرانییەکی زۆرە کە لەڕۆژانی ٢٢ تا ٢٤/٧/٢٠٢٣ کە بەناوی کۆنفرانسی سەد ساڵەی پەیماننامەی لۆزان لە وڵاتی سویسرا کە لەلایەن پەکەکەو چەند لایەنێک ڕێکخرابوو، تەنها سووکایەتی کردن بوو بە مێژووی (١٠٠) ساڵەی خەبات و تێکۆشانی گەلی کوردستان لە هەر چوار پارچەی کوردستان.

‏هەڵواسین و نیشاندانی چوار ئاڵای جۆراوجۆر لە هۆڵی کۆبوونەوەکان و ناوهێنانی گەلانی کوردستان لە جیاتی گەلی کوردستان و دانانی ئاڵای بۆ هەر بەشێکی کوردستان، ئەجندای نامۆو گوماناوی چەند کەس و لایەنێکن، کە تەنها مەبەستیان لێکترازان و چەسپاندنی پارچەبوونی کوردستانەو هەروەها درز خستنە ناو ڕیزەکانی گەلی کوردستانە..

‏ئەو بەیاننامەیەی کە چەند کەس و لایەنێک لە کۆتایی کۆنفرانسەکەدا دەریان کردووە درێژەپێدان و قبووڵکردنی ئەو پەیماننامەیەیە کە زوڵمێکی گەورەی لە نەتەوەکەمان کرد.

‏ئەمەی ئەوان کردیان بێڕێزیکردنە بە خوێنی شەهیدان و گەل و ئاڵاو خاکی کوردستان.

‏جێگای داخە کە چەند لایەنێک لە پێشتر بەحیساب خەباتیان کردووەو قوربانییان داوە بەشێکن لە حوکمڕانی کوردستان و خۆیان بە نیشتمانپەروەر دەزانن و ئەم دابەشکردنەو بێڕێزیەیان بە ئاڵای کوردستان و پێشمەرگە پێ قبووڵ بووەو هەڵوێستیان نەبووە.

‏ئێمە گەلێکی دابەشکراو و ستەم لێکراوین و دەبێ هەموو لایەکمان کار بۆ ئەوە بکەین هێماو بەهاو ئاڵای هاوبەشمان هەبێت.

‏ پێشمەرگەو ئاڵاو خاکمان سیمبوڵی یەکگرتوویی و مانەوەمانن و وە دەبێ بپارێزرێن.

‏پێشمەرگە لەژێر ئاڵای کوردستان توانی، دژ بە داعش کە دڕندەترین ڕێکخراوی تیرۆریستی جیهان بوو قارەمانانە جەنگاو بووە بەرگریکاری مرۆڤایەتی.

‏خاکی کوردستان پەناگەی ئارامی سەرجەم کوردستانییانی پارچەکانی کوردستان بووە کە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە هاوکاری کراون.

‏بۆیە پاراستنی ئەم ئەزموونەی کوردستان و هێماو بەهاکانی ئەرکێکی نەتەوەیی و ئەخلاقی هەر تاکێکی کوردە.

‏لەبەرئەوە ئێمە وەک پارتە کوردستانییەکانی دەرەوە چیتر ئەو بێڕێزییە بە خوێنی شەهیدان و ئاڵای کوردستان قبووڵ ناکەین و ئەو جۆرە ڕەفتارانە شەرمەزار دەکەین.

 

‏پارتە کوردستانییەکان لەدەرەوە:

‏١- پارتی دیموکراتی کوردستان

‏٢- پارتی دیموکراتی کوردستان-باکور .

‏٣- پارتی دیموکراتی کوردستان-سوریا (پەدەکەسە).

‏٤- ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد لە سوریا (ئەنەکەسە).

‏٥- کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران.

‏٦- پارتی دیموکراتی کورد لە سوریا

‏٧- پارتی ئازادی کوردستان (پاک).

‏٨- پارتی شەپێلا پاشەڕۆژی کورد لەسوریا.

‏٩- پارتی سەربەخۆیی کوردستان .

‏١٠- پارتی یەکێتی کوردستانی سوریا لەئەوروپا.

سێشەممە

‏٢٥/٧/٢٠٢٣

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button