هه‌واڵ

کوڕەکەی ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە بەنایاسایی دامەزراوە

زێدپرێس

 

کوڕێکی ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە، لە تەمەنی ١٥ ساڵی و بە نایاسایی دامەزراوە و هەر بە نایاساییش پلەی پێدراوە. ئێستایش بۆ خولێکی سەربازی ڕەوانەی بەریتانیا کراوە.

 

بەگوێرەی نووسراوی ژمارە ١٤٢٨ی فەرمانگەی یاسایی وەزارەتی پێشمەرگە، کە لە ١٥ی ئایاری ٢٠٢٣ دەرچووە و ئیمزای عەمید کەمال تاڵب سەلام بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەیی یاسایی وەزارەتی پێشمەرگەی لەسەر هاتووە، پێوەستە بە دۆسیەی دامەزراندن و پلە بەرزکردنەوەی (ژیر بەختیار) کوڕی فەریق ڕوکن بەختیار محەمەد ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە.

بەپێی فەرمانگەی یاسایی وەزارەتی پێشمەرگە، ناوبراو لە ساڵی ٢٠١٧ بە لادان و دانان دامەزراوە، هەرچەند لەلایەک لەم ڕێککەوتە بە فەرمانی سەرۆکوەزیران دامەزراندن و لادان و دانان ڕاگیراوە و لەلایەکی دی، ناوبراو لەکاتی دامەزراندن تەمەنی تەنیا ١٥ ساڵ بووە، کە ئەوەش پێچەوانەی یاسایە و ناکرێت لە خوار تەمەنی ١٨ ساڵ بکرێتە سەرباز.

هەر بەپێی نووسراوەکە، ژیر بەختیار، دوای پێنج ساڵ پەیوەندی بۆ کراوە، کە ئەوەش نایاساییە و لەلایەکی دی ڕاستەوخۆ دوای ساڵێک لە پەیوەندیکردن لە پێشمەرگەوە کراوەتە نائیب زابت، پلە یەک، کە ئەمەش پێچەوانەی یاسایە، چونکە بەپێی خزمەت و بەپێی بڕوانامە، شایستەی ئەم پلەیە نییە.

فەرمانگەی یاسایی وەزارەتی پێشمەرگە، لەو ڕوانگەیەوە، بە پێویستی دەزانێت مووچەکەی ڕابگیرێت و ئەنجوومەنی لێکۆڵینەوەی لەسەر پێکبهێنرێت.

فەرمانگەی یاسایی، هەر لە هەمان نووسراودا، وەک تێبینییەک نووسیویەتی، لەکاتی داواکاری گواستنەوەی هەر ئەفسەر و کارمەند و فەرمانبەرێکی شارستانی بۆ سەر میلاکی وەزارەتی پێشمەرگە، پێویستە پێش دەرکردنی فەرمانی گواستنەوە، داوای دۆسیە و پوختەی ڕاژەیان بکرێت، ئینجا فەرمانی بۆ دەربکرێت، بەڵام ڕەچاوی ئەوە ناکرێت و بۆیەیش ئەم گرفتانە ڕوودەدەن.

هەرچەند لە ئایاری ٢٠٢٣، فەرمانگەی یاسایی داوای لێپرسینەوە و پێکهێنانی لێژنەی لێکۆڵینەوە و ڕاگرتنی مووچەی کوڕەکەی ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە دەکات، بەڵام پێش کەمتر لە هەفتەیەک و لە ڕێککەوتی ٢٥ی تەمووزی ئەمساڵ، وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند، (ژیر بەختیار محەمەد) وەک پێشمەرگە و فێرخوازی کۆلێژی ساندهێرسی شاهانەی بەریتانیا، لە ٢٤ی تەمووزی ٢٠٢٣، بەشداری لە فیستیڤاڵێکی تایبەت بە ناساندنی کەلتوور و داب و نەریتی میللەتان لە کۆلێژەکەدا کردووە و هاوکات چەند وێنەیەکی ناوبرایشی لە فیستڤاڵەکەدا بڵاوکردەوە.

 

Zed Press news 85 doc1

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...