ههواڵ
دوو بازرگانی مادەی هۆشبەر دەستگیر کران
زێدپرێس
بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان، دەستگیرکردنی دوو بازرگانی ماددە هۆشبەرەکان و دەستبەسەرداگرتنی سێ کیلۆگرام ماددەی هۆشبەری ڕاگەیاند.
ئەمڕۆ دووشەم ٣١ی تەمووزی ٢٠٢٣، بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان، سەر بە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، ڕاگەیەنراوێکی بڵاو کردەوە و تیایدا ئاشکرای کرد، تیمی بەدواداچوونی بەڕێوەبەرایەتیەکەیان دوای دەستکەوتنی زانیاری ورد و بەدواداچوونی بەردەوام لەسەر دوو بازرگانی ماددەی هۆشبەر، هەروەها دوای وەرگرتنی فەرمانی دادوەر و وەرگرتنی ڕێکارە یاساییەکان، لە ڕێککەوتی ٣١ی تەمووزی ٢٠٢٣، توانیویانە دوو بازرگانی ماددەی هۆشبەر دەستگیر بکەن.
هاوکات ئاشکرای کردووە، لەگەڵ دەستگیرکردنی دوو بازرگانەکەشدا، دەستیان بەسەر سێ کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر لە جۆری (ئەمڤیتامین)دا گرتووە، کە بە (کریستاڵ) ناسراوە.
هەر دوێنێ یەکشەم ٣٠ی تەمووزی ٢٠٢٣، بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان، دەستگیرکردنی پێنج بازرگانی ماددە هۆشبەرەکانی ڕاگەیاند.