یەکێتی نووسەرانی جینۆساید: پێویستە عێراق بە فەرمی داوای لێبوردن لە کورد بکات
زێدپرێس
دەقی ڕاگەیەنراوی یەکێتی نووسەرانی جینۆسایدی کوردستان بۆ ساڵڕۆژی قوربانیانی بارزانییەکان:
چل ساڵ لەمەوبەر لە پڕۆسەیەکی ڕەشبگیریدا ھەزاران پیاو و مێردمنداڵ لە ئۆردوگا زۆرەملێکانی قوشتەپە و بەحرکە گیران و ڕاپێچی سەحراکانی باشوری عێراق کران، دوای کوشتنیان، بە کۆمەڵ خرانە ژێر لمی بیابانەوە.
ئاکام لە پڕۆسەی لێپرسینەوە لە تاوانبارانی کۆمەڵکوژی گەلی کوردستان، دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق دۆسیەی بارزانییەکانی لە ٢٠١١/٥/٣ بە جینۆساید سەلماند.
وەک یەکێتی نووسەرانی جینۆسایدی کوردستان لە یادی قوربانیانی بارزانییەکاندا چەند ڕاستییەک بیر دەھێنینەوە:
یەکەم: حکوومەتی عێراق پێویستە بە فەرمی داوای لێبوردن لە گەلی کورد بکات لە پای ئەو کۆمەڵکوژی و تاوانە نێودەوڵەتییانەی دەرھەق بە گەلی کورد ئەنجامدراون. قەرەبووی قوربانیانیش بکاتەوە.
دووەم: کار بکرێت بۆ دۆزینەوەی ڕووفاتی قوربانیانی کۆمەڵکوژی بارزانییەکان و ئەنفال و فەیلییەکان بە پشتبەستن بە یاسای گۆڕە بەکۆمەڵەکان. ھەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و ھێنانەوەی ئێسک و پروسکی قوربانیان. حکوومەتی ھەرێم و وەزارەتی شەھیدانیش لەوە زیاتر لەم دۆسیەیەدا کەمتەرخەم و بێباک نەبن.
سێیەم: دەسەڵاتی کوردستان ئەم یادە و یادی قوربانیانی ئەنفال و کیمیاباران و بارزانی و فەیلی و ڕاگواستنەکان بە ڕۆتین وەرنەگرێت و تەماشا نەکات و ئەم یادانە بکاتە دەرفەت بۆ بەجیهانناساندنی دۆسیەی جینۆسایدی کوردستان لەسەر ئاستی ناوخۆ، ناوچەکە و جیهان.
چوارەم: جەخت دەکەینەوە لە گەڕاندنەوەی ئەو ١٧١ ئێسک و پروسکەی قوربانیانی ئەنفال بەڕێز و شکۆوە، کە ماوەی چوار ساڵە، بێناز لەسەر ڕەفەکانی خانەی پزیشکی بەغدا دانراون.
پێنجەم: کردنەوەی سەنتەری دیراسات و خوێندنی جینۆساید لە ناوەندەکانی خوێندنی باڵا بەتایبەتی زانکۆکانی کوردستان بە پشتبەستن بە پڕۆگرامێکی گشتگیر و وەک یەک بۆ ھەموو زانکۆ و پەیمانگاکانی کوردستان.
شەشەم: ھێشتا دەسەڵاتی کوردی لەبەکارھێنانی ناو و چەمکی تاوانە نێودەوڵەتییەکانیشدا ھەڵە دەکەن. ئەمەش دەرخەری نەبوونی دیقەت و بایەخە. ئەم ھەڵەیەش گواستراوەتەوە بۆ ناو ئەدەبیاتی نووسین و ناو کۆمەڵگاش.
حەوتەم: بایەخدان بە بەرھەم و لێکۆڵینەوەی نووسەرانی جینۆساید و پشتیوانیکردنیان، چونکە ھێشتا ئاوڕنەدراوەتەوە لەم دۆسیەیە و وەک پێویست نە دیکۆمێنتکراوە نە بەڵگە و زانیارییەکان کۆکراونەتەوە، نە پڕۆسەی ساخکردنەوە ئەنجامدراوە، لەلایەن دەسەڵاتی کوردییەوە. ئەو ھەوڵ و کارە خۆبەخشانەی لەسەر ئاستی نووسەران و ھەوڵی تاکەکەسی لە دۆسیەی جینۆسایدا دراون، لەبەرچاوترە و جێی پێزانین و نرخاندنە.
یەکێتی نووسەرانی جینۆسایدی کوردستان بەڕێزەوە یادی قوربانییەکان دەکاتەوە و تاوانی کۆمەڵکوژی بارزانییەکان بەبیر دەهێنینەوە.
ڕایدەگەیەنین، ھێشتا کورد نەگەیشتۆتە کەناری ئارام و لەبەردەم مەترسی کۆمەڵکوژیدایە، بە بایەخدان بە دۆسیەی ئازار و ژانی گەلەکەمان، کوردستان لەو مەترسییە دوور دەخرێتەوە و بنەمای ژیانێکی سەقامگیر بۆ کۆمەڵگاکەمان فەراھەم دەبێت.
یەکێتی نووسەرانی جینۆسایدی کوردستان
٢٠٢٣/٧/٣١