بڕێکی زۆر پارەی ساختە دەستی بەسەردا گیرا
زێدپرێس
ئەمڕۆ چوارشەم ٢ی ئابی ٢٠٢٣، دەزگای ئاسایشی هەرێم (سلێمانی)، ئاشکرای کرد، کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕاپەڕینەوە، دەست بەسەر بڕی ٤١ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دیناری عێراقی ساختەدا گیراوە و لەگەڵیشیدا گومانلێکراوێکیان دەستگیرکردووە.
ڕاگەیەنراوەکە، ئاماژە بەوە دەکات، کە هێزەکانی دەزگای ئاسایش دوای چاودێریکردن و بەدەستهێنانی زانیاری، لە ڕێککەوتی ٢٧ی تەمووزی ٢٠٢٣، بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، لە سنوری ئیدارەی ڕاپەڕین گۆمانلێکراوێکیان بە ناوی (ع، ح، ج) دەستگیرکرد و دەستیانگرت بەسەر بڕی ٤١ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دیناری عێراقی لە جۆری بیست و پێنج هەزار دیناری ساختە، کە لە دەرەوەی عێراق دروستکراوە و بەنیازی ساغکردنەوەی بووە لە هەرێمی کوردستان و ناوەڕاست و باشوری عێراق.
بەپێی ڕاگەیەنراوەکەی دەزگای ئاسایشی هەرێم، ئێستا بەفەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوە، تۆمەتبار بە ماددەی (٢٨١) لە یاسای سزادان ڕاگیراوە.