هه‌واڵ

پەیامێک لە مەسعوود بارزانییەوە

زێدپرێس

مەسعوود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە یادی نۆ ساڵەی جینۆسایدكردنی ئێزدییان لە شەنگال، پەیامێکی ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد، هێشتا برینەکانی شەنگال ساڕێژ نەبوون.

ئەمڕۆ پێنجشەم ٣ی ئابی ٢٠٢٣، مەسعوود بارزانی لە نۆ ساڵەی جینۆسایدکردنی ئێزدییاندا پەیامێکی ڕاگەیاند، کە ئەمە دەقەکەیەتی:

 

بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان

دوای نۆ ساڵ لە تێپەڕینی كارەساتی شنگال بەداخەوە برینەكانی شنگال ساڕێژ نەكراون و ئازار و نەهامەتی و ئاوارەیی خوشك و برایانی ئێزیدی هەر بەردەوامە. ڕێككەوتنی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق لەمەڕ ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال و گەڕانەوەی ئاوارەكان باشترین چارەسەرە بۆ ئەوەی كۆتایی بە نەهامەتی و ئازارەكانی خەڵكی شنگال بهێندرێت. بەڵام جێگەی پرسیارە بۆچی هەتا ئێستا حكوومەتی عێراقی نەیتوانیوە ڕێككەوتننامەی ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال جێبەجێ بكات و، تا كەی حكوومەتی عێراق بوار بەو هێز و لایەنانە دەدات كە ڕێگری لە جێبەجێكردنی ڕێككەوتنی شنگال بکەن؟

لەو یادەدا گەلی كوردستان ئەو چاوەڕوانیەی لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی تر هەیە كە هاوشێوەی ئەڵمانیا و بریتانیا بە فەرمی دان بە جینۆسایدكردنی ئێزیدییەكان لە لایەن داعشەوە بنێن و هەروەها بە فەرمی كیمیابارانكردن و پڕۆسەكانی ئەنفال و سەرجەم تاوانەكانی تریش بە جینۆساید بناسن كە بەرانبەر گەلی كوردستان ئەنجام دراون.

لە نۆیەمین ساڵیادی كارەساتی شنگالدا سڵاو بۆ گیانی شەهیدان و قوربانیانی ئەو تاوانە دەنێرین و، ڕۆڵی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بەرز دەنرخێنین كە مێژوو و قارەمانێتیان تۆمار كرد و بۆ ئازادكردنی چیای شنگال و شنگال خوێنیان بەخشی و تۆڵەیان لە تیرۆریستانی داعش كردەوە.

 

مەسعوود بارزانی

٣ی ئابی ٢٠٢٣

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button