هه‌واڵ

نۆ هەزار و ٥٠٠ دۆنم دارستان و پاوان و پەرێزی گەنم سووتان

زێدپرێس

لە دوو ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەدا، لە سنووری پارێزگای سلێمانی، نۆ هەزار و ٥٠٠ دۆنم لە دارستان، پوش و پاوان و پەرێزی گەنمی هاووڵاتییان سووتان، تا ئاگرەکە لەلایەن پۆلیسی دارستانەوە کۆنترۆڵ کرا.

ئەمڕۆ پێنجشەم ٣ی ئابی ٢٠٢٣، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی دوو ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە و کۆنتڕۆڵکردنیانی ڕاگەیاند.

بەپێی پۆلیسی دارستان، لە ٢ی ئاب، ئاگرێکی فرەوان لە سنووری ئێرانەوە بۆ سنووری شارۆچکەی پێنجوێن و گوندەکانی (هوشیاری و باخی) سەر بە شارەدێی ناڵپارێز پەڕیوەتەوە. لە کاتژمێر ٧:٠٠ی ئێوارەوە، مەفرەزەی بنکەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی ناڵپارێز چوونە شوێنی ڕووداوەکە و لە دوای هەوڵدانێکی زۆر بەهاوکاری چەند هاووڵاتییەکی دانیشتووی گوندەکان تا کاتژمێر ١٢:٠٠ی شەو توانیویانە ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکەن.

بەپێی پۆلیسی دارستان، بەهۆی سەختی ناوچەکە و فرەوانی ئاگرەکەوە بەشێکی بە شێوازی (ئاگربڕ) کۆنتڕۆڵ کراوە و بەهۆی ئەو ڕووداوەیشەوە، نزیکەی سێ هەزار و ٥٠٠ دۆنم دارستان و پوش و پاوانی ناوچەکە سوتاوە.

ئاگرکەوتنەوەی دووەم، لە سنووری شارەدێی خدران و لە گوندەکانی (کەلکان، باسەرێ، مێوژە و شووشکە) ڕوویدا.

پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی، ڕای گەیاند، دوای ئاگادارکردنەوەیان، مەفرەزەیەک لە کارمەندانی بنکەی پۆلیسی دارستانی خدران بە فەرمانی ئەفسەری بنکە، گەیشتنە شوێنی ئاگرەکە و دەستبەجێ دەستیانکرد بە کوژاندنەوەی‌ ئاگرەکە، دوای چەند کاتژمێرێک توانرا ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکرێت، بە هاوکاری دانیشتوانی سنورەکە و پۆلیسی ئاگرکوژێنەوەی خدران.

بەپێی پۆلیسی دارستان، زەرەر و زیانی ئاگرەکە مەزەندە دەکرێت بە سوتانی شەش هەزار دۆنم لە پەرێزی گەنم و  قەسەڵ و کای هاووڵاتیانی سنورەکە.

“تا ئێستا، هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە نەزانراوە و بەدواداچوون بەردەوامە و پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوە و ڕادەستی دادوەر کراوە بۆ وەرگرتنی ڕێکاری یاسایی”، پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی وا دەڵێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...