بکوژەکەی کەرکووک لە هەولێر دەستگیر کرا
زێدپرێس
ئەمڕۆ هەینی ٤ی ئابی ٢٠٢٣، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر، ڕای گەیاند، دوای بەدەستگەیشتنی زانیاری، کە تۆمەتبار (ه، م، ع) پاش کوشتنی خەسوو و غەزوور و هاوسەرەکەی لە شاری کەرکووک، بەرەو سلێمانی هەڵاتووە، دواتر بۆیان دەرکەوتووە، تۆمەتبارەکە بەرەو هەولێر دێت و دوای ئەنجامدانی بەدواداچوون لەلایەن تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێرەوە، توانیویانە، تۆمەتبار دەست نیشان بکەن و پاش وەرگرتنی ڕەزامەندی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر، بەهەماهەنگی لەگەڵ هێزەكانی ناوخۆ و بەڕێوەبەرايەتی پوليسی هەولێر و بەڕێوەبەرايەتی بازگەكان، تۆمەتباریان دەستگیرکردووە و ڕێکاری یاسای بەرانبەر گیراوەتەبەر.
ئەو ڕاگەیەنراوەی ئاسایشی هەولێر، دوای ئەوە دێت، کە دوێنێ پێنجشەم، ڕێککەوتی ٣ی ئابی ٢٠٢٣م، لە گەڕەکی کەرامەی شاری کەرکووک، تۆمەتبارێک بەناوی (ه، م، ع) بە چەک هێرشی کردە سەرماڵی غەزووری و بووە هۆی کوژرانی غەزووری بەناوی (ئەحمەد عەباس سالح) و خەسووی بە ناوی (شلێر سالح) و هاوسەری تۆمەتبارەکە بەناوی (فێنک ئەحمەد عەباس) و برینداربوونی کوڕە غەزوورەکەی بەناوی (محەمەد عەباس سالح).