هه‌واڵ

حزبی شیوعی: نەبوونی یەک لیستی لە کەرکووک بە زیانی دۆزە ڕەواکەمان گەڕایەوە

زێدپرێس

 

مەکتەبی هەڵبژاردنی حزبی شیوعی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، نەبوونی یەک لیستی و دابەشبوونی دەنگی کوردستانییان لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکاندا بە زیانی دۆزی گەلی کوردستان شکاوەتەوە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئەمڕۆ پێنجشەم، ٢١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣، مەکتەبی هەڵبژاردنی حزبی شیوعی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی لەمەڕ ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا، ئاماژەی بەوە کردووە، کە حزبی شیوعی وەک پرسێکی نەتەوەیی و نیشتمانی لە یەک لیستی حزب و لایەنە کوردستانییەکانی ڕوانیوە و لەو پێناوەشدا “ھەوڵ و کۆششێکی زۆر”ی کردووە بۆ پێکهێنانی ئەو لیستە، بەڵام وەک دەڵێ “بەداخەوە ئەو ھەوڵانە لەباربران” و دواجار وەک حزبی شیوعی کوردستان لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هاوپەیمانێتییەکیان بەستووە؛ (ھاوپەیمانی کەرکووک ھێز و ئیرادەمانە).

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، یەکێک لە ھۆکارەکانی گرێدانی ئەو ھاوپەیمانێتییە، نەفەوتان و دابەش نەبوونی دەنگەکانی کوردستانییانی شاری کەرکووک بووە و ڕوونیشیان کردووەتەوە، کە نەبوونی ئەو یەکدەنگی و یەک لیستییە، دواجار “ئاکامەکەی بەزیان گەڕایەوە بۆ دۆزە ڕەواکانمان لەو بەشە ھەرە گرنگەی نیشتماندا”.

مەکتەبی هەڵبژاردنی حزبی شیوعی کوردستان، هەر لەو ڕاگەیەندراوەدا، پیرۆزبایی بۆ “سەرکەوتنی لیستەکە” ڕاگەیاندووە و دەستخۆشیش لە دەنگدەرانی لیستەکە و کاندیدی حزبەکە دەکات و دەڵێ “بەدەنگەکانی حزبمان و لایەنگرانمان و دەنگی کاندیدەکەمان، لیستەکە کاندیدێکی زیاتری سەرخست و ئەگینا ئەو کورسییەش بۆ نەیاران و ئەوانەی ناکۆکن لەبەرانبەر پرسی چارەنووسی گەلەکەمان و دیموکراسیەت، دەچوو”.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا، هاتووە “جارێکی تر، حزبمان، حزبی شیوعی کوردستان بەرژەوەندیی و دەنگەکانی خۆی خستە خزمەتی دۆزی ڕەوای نیشتمان و نەتەوەکەمان”.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەشدا، ڕەخنە لە کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردن دەگرن بەوەی “کێشەیان درووست کرد و بە ھۆکاری جیاواز کەمتەرخەم بوون لە بەشدای خەڵک لە دەنگدان بەھۆکاری جیاوازەوە”.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...