هه‌واڵ

ئەنجوومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتی وەڵامی فایەق زێدان دەداتەوە

ئەنجوومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە ڕاگەیەندراوێکدا، وەڵامی گوتەکانی فایەق زێدان سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق دەداتەوە و بە پێویستی دەزانێت فراکسیۆنی یەکێتی لەپاڵ فراکسیۆنە کوردستانییەکاندا هەڵوەستەیەک لەو بابەتەدا بکەن.

 

دەقی ڕاگەیەندراوەکە؛

 

ڕاگەێندراوێك لە ئەنجوومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی (ی.ن.ك)

 

لە بارەی لێدوانی بەڕێز (سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عیراق)

 

پێویستە فراكسیۆنی (ی.ن.ك) لە پەرلەمانی عێراق لە پاڵ فراكسیۆنە كوردستانیەكانی تردا هەڵوەستەیەك بكەن، لەسەر لێدوانەكانی رۆژی 18/2/2024 ی بەڕێز سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق ( دادوەر فایەق زێدان) لە بارەی پێكهاتنی هەرێمی كوردستان و پێكهێنان و دروستبوونی هەرێمی نوێی فیدڕاڵی لە عیراقدا.

 

ئەو خاڵانەی پێویستە هەڵوەستەیان لەسەر بكرێت لە لێدوانەكەی سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق ئەمانەن:

 

1 – ناوی هەرێمی كوردستان وەك (واقیعێكی جوگرافی و نەتەوەیی) بردووە (هەلومەرجی دوای داگیركردنی كوێت هێناویەتە ئاراوە)، كە دەبوو وەك هەرێمێكی دەستووریی فیدڕاڵی ناوی بهێنایە، ئاماژە بە ماددەی 117/ یەكەم لە دەستووری هەمیشەیی عێراق.

 

2 – هەرێمی كوردستان بە (بارێكی تایبەت – وضع خاص) ناودەهێنێت و دەیبەستێتەوە بە (دانپیادانانی سەرجەم ڕۆڵەكانی گەلی عێراق) نەك بە قەوارەیەكی یاسایی چەسپیو لە دەستووری هەمیشەیی عێراقدا.

 

3 – گومان دەخاتە سەر هەلومەرجەكانی سەردەمی دارشتنی بنەماكانی دەستووری هەمیشەیی عیراق، و بە ڕەهایی دەڵێت : (( ئێستا ئەو هەلومەرجە گۆڕدراوە لە لای ئەوانەی باوەڕیان بەو بنەمایانە هەبووە، و ئێستا باوەڕیان بە گۆڕینیەتی ..)) بێ ئەوەی ڕەچاوی ئەوە بكات كورد بەشدار بووە لە داڕشتنی ئەو بنەما دەستووریانە و هیچ كات پەشیمان بوونمان لە داڕشتنی ئەو بنەمایانە ڕانەگەیاندووە.

 

4 – ((بیرۆكەی پێكهێنانی هەرێمی نوێ لە هەر ناوچەیەكی عێراق ڕەتدەكاتەوە، بە هەڕەشەی دادەنێت لەسەر یەكگرتوویی و ئاسایشی عێراق)) بەبێ ئەوەی ڕەچاوی ئەوە بكات كە پێكهێنانی هەرێمی نوێ لە عێراقدا (مافێكی دەستووری)یە نەك (بیرۆكە)، ئەو مافە بە ماددەی (117/ دووەم، 118، 119) چەسپێنراوە و بە یاسای ژمارە (13) ی ساڵی (2008) ڕێكارەكانی دانراوە.

 

ئەنجوومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی (ی.ن.ك)

20/2/2024

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...