شەپۆڵێکی گەرما هەرێمی کوردستان دادەپۆشێت
زێدپرێس
ئەمڕۆ یەکشەم ٦ی ئابی ٢٠٢٣، بەشی پێشبینی کەشوهەوا لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕای گەیاند، شەپۆڵێکى گەرما ڕوو لە ناوچەکەمان دەکات و سبەى دووشەم ٧ی ئابی ٢٠٢٣، کاریگەرى ئەم شەپۆڵە دەست پێدەکات و تاوەکوو هەفتەى داهاتوو ئەو بارستە هەوا گەرمە لەسەر ناوچەکەمان دەمێنێتەوە.
ڕوونی دەکاتەوە، ئەم بەرزبوونەوەیە لە پلەکانى گەرما ڕۆژى پێنجشەم دەگاتە ئەوپەڕى بەهێزى خۆى و پێشبینى بەرزترین پلەکانى گەرما لە سەنتەرى پارێزگاى هەولێر ٤٧ پلەى سیلیزى، سلێمانى ٤٥ پلەى سیلیزى، دهۆک ٤٦ پلەى سیلیزى، کەرکووک ٥٠ پلەى سیلیزى و هەڵەبجە ٤٧ پلەى سیلیزى، ئیدارەى گەرمیان نزیک دەبێتەوە لە ٥١ پلەى سیلیزى، ئیدارەى ڕاپەڕین ٤٥ پلەى سیلیزى و ناوچە شاخاوییەکان لە سەرووى ٤٢ پلەى سیلیزى و ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان لە سەرووى ٣٤ پلەى سیلیزى دەبێت.
بەپێی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن، ئەم شەپۆڵە گەرمایە جیاوازە لە شەپۆڵەکانی دیکە و پێشبینی دەکرێت، مانەوەى شەپۆڵى گەرمایەکە بۆ چەند ڕۆژێک درێژ ببێتەوە و هەرێمى کوردستان و ناوچەکە لە ژێر شەپۆڵێکى گەرماى چەند ڕۆژەدا دەبێت .