هه‌واڵ

وەزارەتی ناوخۆ شوێنەکانی مەترسی خنکان دادەخات

زێدپرێس

وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیاری داخستنی ئەو شوێنە گەشتیارییانە دەدات، کە خەڵکیان تێدا خنکاوە و مەترسی خنکانیان لێ دەکرێت.

ئیوارەی ئەمڕۆ یەکشەم ٦ی ئابی ٢٠٢٣، وەزارەتی ناوخۆ ڕاگەیەنراوێکی بڵاو کردەوە و باسی لەوە کرد، دوای زیادبوونی ڕووداوەکانی خنکانی هاووڵاتیان و گەشتیاران لە ڕووبار و دەریاچە، زێ، چەمەکان، لە وەرزی هاویندا، بە فەرمانی وەزیری ناوخۆ، بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرگری شارستانی و پۆلیس ئەو شوێنە گەشتیارییانە دادەخەن، کە لە ماوەی ڕابردوو هاووڵاتییان و گەشتیاران لێیان خنکاون و مەترسیدارن بۆ مەلەکردن. ئەمەش بە ئامانجی کەمکردنەوەی دەرفەت و ئەگەرەکانی قوربانی زیاتر.

هەر لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، دەستەی گشتی گەشتوگوزار و دەستەی پاراستن و چاککردنەوەی ژینگە و فەرمانگەی میدیا و زانیاری و ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی دیکە هەڵمەتی ئاگادارکردنەوە و هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتییان و گەشتیاران بۆ خۆپاراستن لە مەلەکردن لەو شوێنە مەترسیدارانە دەست پێ دەکەن.

وەزارەتی ناوخۆ، داوا لە هاووڵاتییان و گەشتیاران و کۆمپانیاکانی گەشتوگوزار دەکات، پابەند بن بە دوورکەوتنەوە لەو شوێنانەی شریتی سووری لێدراوە و هێما و تابلۆکانی قەدەغەکردنی مەلەی لێ هەڵواسراوە. ئەو شوێنانە مەترسیدارن و بەهیچ شێوەیەک ناکرێت مەلەی تێدا بکرێت و بۆ مەلەکردن ناشێن و ڕێگاپێدراو نین.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...