لیوا ئەیوب یوسف: داوا لە کاک مەسعوود بارزانی دەکەم براگەورەیی خۆی بسەلمێنێت
زێدپرێس
لیوا ئەیوب یوسف لێپرسراوی دەستەی سەرپەرشتیاری هەردوو لیوای سێ و حەوتی تایبەت، کە بە لیواکانی کۆسرەت ڕەسووڵ سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، ناوزەد دەکرێن، نیگەرانی خۆی بەرانبەر لێدوانەکانی کەمال کەرکووکی ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەبارەی شەڕی هەکارییەوە، ڕادەگەیەنێت و دەڵێ “کولاندنەوەی زامی کۆن، جگە لە زیان گەیاندن بە بارودۆخی سیاسی هەرێمی کوردستان هیچی دی نییە” و قسەکانی کەمال کەرکووکیش “بە شێوازێکی دوور لە ئیتیک و ناسیاسییانە” وەسف دەکات.
لیوا ئەیوب بە سەرسوڕمانەوە، دەڵێ “حزبێکی وەک پارتی دیموکراتی کوردستان، کە خاوەنی پێگەی جەماوەرییە و حکوومەت و دەسەڵات لای ئەوانە و لەسەروو ئەوەشەوە پەیڕەو و پرۆگرامیان هەیە، کەچی گوتەبێژێکیان نییە، بەڵکوو هەموویان گوتەبێژ و شیکەرەوە و قسەکەری سەر سایت و ڕۆژنامە و کەناڵە ناوخۆیی و جیهانیەکانن”.
زیاتر دەڵێ “ناکرێ هەر کەس و بە هەر جۆرێک پێی خۆش بوو، یاخود بارودۆخەکەی بۆ گونجا، لێدوانێک بدات و بە ناوی حزبێکەوە دەست وەربداتە شتێک کە هیی ئەو نییە”.
ئەو باس لەوە دەکات، کە “لە دوای وەفاتی جەنابی سەرۆکی کۆچکردوومان سەرۆک (مام جەلال)ەوە، لای هەمووان ئاشکرایە کە بەڕێز کاک (مەسعوود بارزانی) وەک مەرجەعی باڵا و برا گەورە لە هەموو حزبە کوردییەکاندا سەیرکراوە، کەچی ئێستا بێدەنگی هەڵبژاردووە و هیچ هەڵوێستێکی نییە لە هیچ بارودۆخێکدا، حەق وابوو خۆی بەتایبەتی لەسەر ئەم باسە کۆبوونەوەی فرەوانی بە ئەندام و کادیرانی حزبەکەی بکردایە و فێری بکردنایە، کە هەڵدانەوەی پەڕەی کۆن و خوێکردن بە زامی سارڕێژ نەبوودا ئەگەر و کاریگەری خراپ بە دوای خۆیدا دەهێنێت”.
لێپرسراوی دەستەی سەرپەرشتیاری هەردوو لیوای سێ و حەوتی تایبەت، دەشڵێ “مێژوو شاهێدی ئەو ڕاستیەیە، کە ئێمە هەردوو حزب لە شەڕی ناوخۆدا، جگە لە زەرەر و زیان هیچ شتێکمان بۆ نەمایەوە، سەرۆک مام جەلال هەموو هەوڵێکی خستەگەڕ بۆ وەستاندنی ئەو ئاشوبە و ڕاگەیاندنی ئاگربەست و ڕێککەوتنەوەی هەردوو حزب، کەچی ئێستا هەندێ بەناو سیاسی و خەڵکی کاڵفام خەریکن بەبێ گەڕانەوە بۆ سەروو خۆیان، ئاگری شەڕی ناوخۆ خۆش دەکەنەوە و فووی لێ دەکەن تا تەشەنە بسەنێت”.
لیوا ئەیوب لەو ڕوانگەیەوە دەڵێ “بۆیە داواکارم لە بەڕێز کاک (مەسعوود بارزانی) برا گەورەیی خۆی بسەلمێنێ و ئەو کەسانەی دەبنە هۆکاری نانەوەی کێشە و تێکدانی دۆخی هەرێمی کوردستان، سڕ بکات و کارتی سوریان بەڕوودا بەرز بکاتەوە، بەوەش بۆ هەموو کوردستانی دەسەلمێنی کە ئەو تەنیا سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان نییە، بەڵکوو برا گەورە و خەمخۆری کورد و کوردستانە”.
زیاتر دەڵێ “هیواداربووم (کەمال کەرکووکی) و هەموو بەرپرسانی پارتی دیموکراتی کوردستان شەڕی مووچەی خوراوی فەرمانبەران و کێشەی کەمی ئاو و کارەبا و پڕۆژە خزمەتگوزارییە تەواونەکراوەکان و شەڕی نەوت و ناوچە کێشە لەسەرەکان و ماف و قووتی هاووڵاتیان بکەن، چارەسەری گیروگرفتەکانیان بکەن لەگەڵ حکوومەتی عێراق و دانوستان بکەن لەپێناو بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان، نەک هەوڵی دروستکردنی شەڕی ناوخۆ و گرژکردنی دۆخی نێوان دوو حزب بدەن”.
لیوا ئەیوب، لە کۆتاییدا، جارێکی دی، چاوەڕوانی خۆی لە مەسعوود بارزانی دووپات دەکاتەوە، بە ئاڕاستەی وەرگرتنی هەڵوێست بەرانبەر گوتە و لێدوانی نابەرپرسانە و دەڵێ “ئەوە ڕۆڵی کاک (مەسعوود) و سەنگ و قورسایی بەڕێزیان لە کایەی سیاسی هەرێمی کوردستان و عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا دەردەخات، وەک سیاسیەکی خەمخۆر بۆ میللەتەکەی”.
چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانی کەمال کەرکووکی ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەمەڕ شەڕی هەکاری و باسکردن لە سەرکردە شەهیدەکانی یەکێتی لەو شەڕەدا، توڕەیی زۆری بۆ بەرپرسانی یەکێتیی نیشتمانی دروستکردووە و میدیای حزبەکەیش بە زمانێکی توند و زبرەوە، کەوتوونەتە وەڵامدانەوەی بەرپرسەکەی پارتی و خودی پارتی خۆی و هەمان کاردانەوەش لە میدیای پارتییەوە دروستبووە.