هه‌واڵ

دوای هەشت ساڵ جلە سووتاو و دڕاوەکانی کچەکەی پێدەدرێتەوە

زێدپرێس-شکۆ شێرکۆ

 

لە ٦ی ئەیلوول، هالیت ئینان پەیوەندییەکی لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ناوچەی سلۆپی بۆ دێت و پێی دەگوترێت، “بێت ئەمانەتەکەی وەرگرێتەوە.” ڕۆژی دواتر دەڕۆن و کیسێک وەردەگرن، لەناوی جلە سووتاو و دڕاوەکانی کچەکەی، هەزنی ئینان، هەبوو.

 

هەزنی ئینان، کچی هالیت ئینان و تەیبەت ئینان (تەیبەت ئانا)، لە ١٤ی کانوونی دووەمی ٢٠١٥، لە ڕۆژی ڕاگەیاندنی قەدەغەی هاتووچۆ لە ژێرزەمینەکانی جەزیرە، کە پەناگەی خەڵکی مەدەنی بووە لە کاتی پێکدادانەکانی نێوان هێزەکانی تورکیا و پەکەکە، کوژراوە. لە کاتێکدا، دایکیشی لە هەمان ڕۆژدا بەدەستی هێزەکانی ئاسایشی تورکیا کوژراوە و جەستەی هەفتەیەک لە کۆڵانێکی ناوچەی سلۆپی پارێزگای شرناخ بەدەست لێنەدراوی ماوەتەوە. دوای هەشت ساڵ بەسەر مردنی هەزنی، جلوبەرگە سووتاو و دڕاوەکانی بۆ خێزانەکەی دەگەڕێنرێتەوە.

دوای شکستهێنانی ئاگربەستی ئاشتی لە نێوان پەکەکە و حکوومەتی تورکیا لە بەهاری ٢٠١٥، پێکدادانی چڕ لە نێوان دوو هێزەکە ڕوودەدا. سەرەنجام، حکوومەتی تورکیا قەدەغەی هاتووچۆی لە نێوان کانوونی یەکەمی ٢٠١٥ تاوەکوو ئاداری ٢٠١٦ ڕاگەیاند. بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی بنکۆڵکاری بی بی سی، قوربانییانی مەدەنی ژمارەیان ڕەنگە گەیشتبێتە ١٦٠ کەس.

عومەر ئینان، برای هەزنی، لە کاردانەوەیدا بۆ ئەو ڕەفتارە لەناکاوەی دەوڵەت دەڵێت، “ئەمە ڕێزی دەوڵەتە بۆ ئێمە، ئەوان دەیانەوێت ترس بخەنە ناخمانەوە. ئەو جلانە دەگەڕێنەوە بۆ کاتی قەدەغەی هاتووچۆ لە جەزیرە، هەشت ساڵ لەمەوبەر! دەگەڕێنەوە بۆ کاتی کۆمەڵکوژییەکە. ئەوان دەیانەوێت ئێمە کۆڵبدەین، بەڵام کۆڵ نادەین. شانازی بەو پارچە سووتاو و دڕاوانە دەکەین.”

عومەر درێژەی بە قسەکانیدا، “بە هەمان شێوە دایکیشمیان ئەوکات کوشت. براکەشمیان لە ژێرزەمینێکی جەزیرە کوشت. هەرگیز لەبیریان ناکەم. ئەو جلە سووتاو و دڕاوانە لە چوارچێوە دەگرم و بە دیوارەکە هەڵیاندەواسم. تا مابین ئەوە لەبیر ناکەین، با هەمووان ڕووی دەوڵەت ببینن. شەرمە بۆ تورکیا، هەشت ساڵ بەسەریدا تێپەڕبووە، بەڵام وا دیارە لای ئەوان گاڵتەیە.”

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...