هه‌واڵ

یەکەم کۆڵبەری ڕۆژهەڵات بە تەقەی هێزەکانی سوپای عێراق بریندار کرا

زێدپرێس

کۆڵبەرێکی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە سنووری قەزای چۆمان بە تەقەی هێزەکانی پاسەوانی سنووری سەر بە سوپای عێراق بریندار کرا.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕای گەیاند، شەوی دووشەم ٧ی ئابی ٢٠٢٣، کۆڵبەرێکی خەڵکی بانە بەناوی حەسەن بورقانی بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە ناوچەی سنووری “چۆمان” بریندار کراوە.

بەپێی ڕێکخراوەکە، حەسەن بورقانی، خەڵکی گوندی “ئاڵۆت”ی سەر بە شاری بانەیە و کەوتووەتە بەر دەستڕێژی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکوومەتی عێراق و گوللە بەر قاچی کەوتووە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئاشکرای کردووە، پاش بریندارکردنی کۆڵبەرەکە، بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەیەک لە شاری سلێمانی کراوە.

بەگوێرەی ڕێککەوتنی هەردوو حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان، هێزەکانی پاسەوانی سنوور، لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران جێگیر کراون و ئەو هێزانەیش لە چەکدارانی کوردی سوپای عێراق پێکدێن.

زێدپرێس تێبینی کردووە، ماوەیەکە چالاکییەکانی هێزەکانی پاسەوانی سنوور لە دەستگیرکردنی کۆڵبەرانی ڕۆژهەڵات فرەوان بووە. لە چوارچێوەی دەستگیرکردنی هەموو ئەو کەسانەی بە نایاسایی و بە قاچاغ سنوور دەبەزێنن.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...