هه‌واڵ

داوای بە قەزاکردنی ناحیەی ڕزگاری دەکرێت

زێدپرێس

لە یاداشتنامەیەکدا کە ئاڕاستەی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی کراوە، ٢٣ ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگاکە، داوای بە قەزاکردنی ناحیەی ڕزگاری دەکەن.

دوێنێ چوارشەم ٩ی ئابی ٢٠٢٣، ئەو ئەندامانەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، یاداشتنامەکەیان ئاڕاستەی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا کردووە.

لە یاداشتنامەکەدا، ئاماژەیان بەوە کردووە، ئێستا ناحیەی ڕزگاری بەتەواوەتی فرەوان بووە؛ ١٢ هەزار خێزان لەخۆدەگرێت، کە بەسەر ١٢ گەڕەکی فرەواندا دابەشبوون و ژمارەی دانیشتووانی ناحیەکە ٦٠ هەزار کەس دەبێت.

وەک ئاماژەیان کردووە، ئێستا ناحیەکە، ٧٣ی گوندی بەسەرەوەیە و دادگا و فەرمانگەی دادنووس و بەڕێوەبەرایەتی گشتی شەهیدان و ئەنفالکراون و چەند لایەنێکی دیکەی کارگێڕی تێدایە.

ئەوان بەبیری دێننەوە، کە لە ئازاری ساڵی ڕابردوودا، ٢٦ ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی داوای بە قەزاکردنی ناحیەکەیان کردبوو، لەلایەن لێژنەی یاسایی ئەنجوومەنەوە یاداشت و داواکارییەکە ئاڕاستەی ئیدارەی گەرمیان کراوە و بەڵام تا ئێستا هیچ وەڵامێک نەدراونەتەوە و هیچ ڕێکارێکیش نەگیراوەتەبەر.

لەو ڕوانگەیەوە، ئەو ئەندامانەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی داوا دەکەن، بەپێی بڕگەی ١٣ لە مادەی ٦ و هەروەها بڕگەی یەک لە مادەی ٢٦ی یاسای پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، ڕێکاری پێویست لەبەربگیرێت و لێژنەیەک لە ئەنجوومەنی پارێزگا پێکبهێنرێت، کە لە ڕێگەیەوە ڕێکارەکانی بە قەزاکردنی ناحیەی ڕزگاری لەبەربگیرێن.

ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی کە ئیمزای یاداشتنامە و داواکارییەکەیان کردووە، باس لەوە دەکەن، کە بە قەزاکردنی ناحیەی ڕزگاری خزمەتێکی بەرچاو بە دانیشتووانی ناحیەکە دەگەیەنێت، لەکاتێکدا زۆرینەی دانیشتووانەکە جێماوی ئەنفال یان کەسوکاری قوربانیانی شاڵاوەکانی ئەنفالن.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...