هه‌واڵ

بەڕێوەبەری هاتوچۆی سلێمانی: ئامانجمان کۆکردنەوەی داهات نییە بۆ حکوومەت

زێدپرێس

بەڕێوەبەری هاتوچۆی سلێمانی ڕای دەگەیەنێت، ئامانجی ئەوان کۆکردنەوەی داهات نییە بۆ حکوومەت، بەڵکوو پاراستنی سەلامەتی خەڵکە.

ئەمڕۆ سێشەم ١٥ی ئابی ٢٠٢٣، عەمید ئاسۆ محەمەد بەڕێوەبەری هاتوچۆی سلێمانی بە میدیاکارانی ڕاگەیاند، ئێمە لەپێناو سەلامەتی خەڵک و بۆ پاراستنی پیادە و سەرنشینی ئۆتۆمبێلەکان لە شەقامەکان دەبین.

زیاتر گوتی، “ئەگەر جاروبار ناچار دەبن، لە بەرانبەر سەرپێچییەکاندا سزا هەبێت، ئامانجمان ڕێگرییە لە سەرپێچی هاتوچۆ نەک کۆکردنەوەی داهات بۆ حکوومەت، تکا دەکەین بۆ ئەوەی ئێمە پەنا بۆ سزا نەبەین، ئێوە پابەندن بە ڕێنماییەکانی هاتوچۆوە”.

بەڕێوەبەری هاتوچۆی سلێمانی، باسی لە هەڵکشانی ڕووداوەکانی هاتوچۆ و ژمارەی قوربانیانی هاتوچۆ کرد و بە تیرۆری سەرقام پێناسەی کرد و گوتی “بەداخەوە قوربانیانی هاتوچۆ گەیشتووەتە ئاستێک، کە ژمارەی قوربانیانی هاتوچۆ لە ژمارەی قوربانیانی شەڕی تیرۆر زیاترە”.

ئەو گوتانەی عەمید ئاسۆ محەمەد، لە میانەی پێشوازیکردن لە شاندێکی کۆمەڵەی کورتەباڵایانی کوردستان هات، کە لە بەرانبەر هاوکاریکردنیان لە ڕاییکردنی کارەکانیان و پێدانی مۆڵەتی شوفێری بە کورتەباڵایان، سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکە و سوپاسیان پێشکەش کردن.

لە ساڵی ٢٠٢١دا لە سنووری پارێزگای سلێمانی، هەزار و ٢٤٠ ڕووداوی هاتوچۆ ڕوویانداوە، کە گیان لەدەستدانی ٢٣١ کەس و برینداربوونی سێ هەزار و ٨٤٩ کەسی دیکەی لێکەوتووەتەوە. بەڵام لە ساڵی ٢٠٢٢دا، کەمبوونەوە لە ژمارەکە ڕوویداوە، لەو ساڵەدا، هەزار و ٦٥ ڕووداوی هاتوچۆ لە پارێزگای سلێمانی تۆمارکراوە، کە بەهۆیانەوە ١٧٤ کەس گیانیان لەدەستداوە و سێ هەزار و ٨٤٣ کەسی دیکە بریندار بوون.

بەپێی ئامارێکی کۆمەڵەی سەلامەتی هاتوچۆ لە هەرێمی کوردستان، قوربانی ڕووداوەکانی هاتوچۆ، ڕیزبەندی یەکەمی قوربانیان لە هەرێمی کوردستان پێکدێنن.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...