هه‌واڵ

وەزیری دارایی: هیچ بیانوویەکی بەغدا نەهێشتراوە

زێدپرێس

وەزیری دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕای دەگەیەنێت، هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکانی خۆی لە یاسای بودجە جێبەجێ کردووە و بیانوویەک بۆ نەناردنی شایستە داراییەکانی کوردستان لەلایەن بەغداوە نەهێشتراوە.

ئەو گوتانەی ئاوات جەناب نووری وەزیری دارایی و ئابووری، لە میانەی پێشوازیکردنی لە شاندێکی کونسڵخانەی ئەمریکا هات، کە ئەمڕۆ سێشەم ١٥ی ئابی ٢٠٢٣ سەردانی وەزارەتەکەیان کرد.

بەپێی ڕاگەیەنراوێکی وەزارەتەکە، ئاوات جەناب نووری، تیشکی خستووەتە سەر دوواین هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی یاسای بودجەی گشتی عێراق و ڕایگەیاندووە، لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق و دیوانی چاودێری دارایی عێراق لە هەماهەنگی بەردەوامدان و لەماوەی ڕابردوودا هەرێمی کوردستان هەموو ئەو داواکاریانەی جێبەجێکردووە، کە لە یاساکەدا هاتووە.

بەگوتەی وەزیری دارایی، تیمە هونەرییەکانی هەردوولا بە بەردەوامی لەسەر خەتن بۆ هەماهەنگی و ڕەخساندنی کەشێکی گونجاو تا هیچ ئاستەنگێک لەبەردەم جێبەجێکردنی یاسای بودجە نەمێنێت و بەغداد هیچ بیانوویەکی نەبێت بۆ نەناردنی شایستە داراییەکانی هەرێم.

شاندەکەی کونسڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر، پێکهاتبوون لە زەهرا بێل جێگری کونسڵی گشتی و ئەلێکساندەر بێلا سەرۆکی یەکەی ئابووری کونسوڵخانە.

هەر بەپێی ڕاگەیەنراوی وەزارەتەکە، لە دیدارەکەدا، زەهرا بێل جێگری کونسڵی گشتی ئەمریکا لە هەولێر، پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ دەستەبەرکردنی مافە یاسایی و دەستورییەکانی هەرێمی کوردستان دووپات کردووەتەوە و هیوای خواست حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی عێراق پابەند بن بە جێبەجێکردنی یاسای بودجە و ئەرکەکانیان بەرانبەر یەکتر جێبەجێ بکەن.

بەپێی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێم، ماوەی دوو ساڵە هەماهەنگی و پەیوەندی بەردەوام لە نێوان دیوانی چاودێری دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان هەیە و وردبینی لە سەرجەم ئەو داتا و ڕاپۆرتانە کراوە، کە هەرێمی کوردستان دەربارەی دۆسیەی نەوت و خەرجی و داهاتە نانەوتییەکان پێشکەشی حکوومەتی عێراقی کردووە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...