هه‌واڵ

وەزارەتی نەوت ڕاگەیەنراوێکی لەبارەی ئامێرە دزراوەکانی پاڵاوگەی بێجی بڵاو کردەوە

زێدپرێس

وەزارەتی نەوتی عێراق، ڕاگەیەنراوێکی لەبارەی وەرگرتنەوەی ئامێرە دزراوەکانی پاڵاوگەی بێجی بڵاو کردەوە، کە لە کاتی داگیرکردنی پاڵاوگەکە لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە دزرا بوو.

ئەمڕۆ هەینی ١٨ی ئابی ٢٠٢٣، وەزارەتی نەوتی حکوومەتی عێراق بڵاوی کردەوە، لە چوارچێوەی پابەندبوون بە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و پاراستن و پەرەپێدانی سامانی نەوت و ئابووری نیشتمانی، ئامێرە لە دەستچووەکانی پاڵاوگەی باکور لە بێجی گێڕدرانەوە، دوای ئەوەی لەماوەی داگیرکردنی پاڵاوگەکە لەلایەن تیرۆریسانی داعشەوە، ئەو ئامێرانە، لە دەستچوون.

وەزارەتی نەوتی عێراق، دووپات لەوە دەکاتەوە، کە ئامێر و کەلوپەکان لە هەرێمی کوردستان بوون و وەک ئامێری کۆنە و سکراپ دانراون و هەندێکیش لە ئامێرەکان بەکارنەهێنراون و بەتایبەت بۆ پاڵاوگەی نەوتی باکور دروستکراون.

ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە، ئامێرەکان بە هاوکاری و کۆششی هەموو لایەنەکان گواستراونەتەوە و گەیاندراون، بەبێ پێدانی هیچ بڕە پارەیەک بە هیچ لایەنێک و لەو چوارچێوەیەشدا، ئاماژەی بە هاوکاری دەسەڵاتی فەرمی هەرێمی کوردستان لە گێڕانەوەی ئامێرەکان کردووە.

بەپێی ڕاگەیەنراوەکەی وەزارەتی نەوت، ئامێرە وەرگیراوەکان زۆر و جۆراوجۆرن، گرنگترینیان وەک کۆمپرێسەری بۆ یەکەی باشترکردنی بەنزین کە دروستکراوی ئەڵمانیایە، کۆمپرێسەری هایدرۆجین و هایدرۆلیک، پەمپی یەکەکانی پاڵاوتن، ماتۆڕی کارەبایی، وۆلڤ و ژمارەیەکی زۆر لە ئامێری کۆنترۆڵ و سیستەم و …هتد.

بەگوێرەی وەزارەتی نەوتی عێراق، وەرگرتنەوەی ئەو ئامێرانە، یارمەتیدەر دەبێت لە خێراترکردنی پڕۆسەی بەگەڕخستنەوەی پاڵاوگەی باکور، بەو پێیەی دواکەوتنی بەگەڕخستنەوەی پاڵاوگەکە، خەسارێکی گەورەی ڕۆژانەیە بۆ عێراق و پەیداکردنی جێگرەوە بۆ ئەو ئامێرانەیش ساڵانێکی زۆری دەوێت.

هەر لەو ڕاگەیەنراوەدا هاتووە، دیدگای وەزارەت، لە چوارچێوەی بەرنامەی حکوومەتدا، گەیشتن بە بەرژەوەندی نیشتمانی و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە لە سەرەتادا، هەروەها بەرزکردنەوەی تواناکانی عێراق لە بواری بەرهەمهێنانی بەرهەمەکانی نەوتی، کە ئەولەویەتێکی نیشتمانییە لە هەموو دۆخێکدا.

لە کۆتایی ڕاگەیەنراوەکەشدا، بەشداری هاووڵاتیان و کەسانی یاسایی بۆ دابینکردنی ئاسانکاری و بەهێزکردن، و هاوکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەدیهێنانی ئامانجەکە، بە گرنگ هەژمار دەکات و بە “مۆدێلێک لە هاوکاری هەمووان” بە ئاڕاستەی پاڵپشتیی لە بەرژەوەندی نیشتمانی، ئاماژەی بۆ دەکات.

ڕاگەیەنراوەکەی وەزارەتی نەوتی عێراق، دوای ئەوە دێت، کە ڕۆژی چوارشەم ١٦ی ئابی ٢٠٢٣، محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە میانەی سەردانیکردنی پاڵاوگەی بێجی، دۆزینەوە و گێڕانەوەی بەشێکی زۆر لە ئامێرە دزراوەکانی پاڵاوگەکەی ڕاگەیاند، کە بەهاکەی سەدان ملیۆن دۆلار دەبێت.

سودانی بە هەمان شێوەی وەزارەتی نەوتی عێراق، ئاماژەی بەوە کرد، ئامێرەکان لە هەرێمی کوردستان بوونە، بەڵام نە لایەنی فرۆشیاری ئامێرەکان و نە کڕیارەکەی دەستنیشان نەکرد.

هێشتا حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هیچ ڕوونکردنەوە و لێدوانێکی لەمەڕ ئەو بابەتە نییە، بەتایبەت کە لە میدیاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان و لە ئاست ڕای گشتیدا، سەرنجێکی زۆر لەسەر هەرێمی کوردستان چڕکراوەتەوە، لە بارێکدا کە سەرۆکوەزیران و وەزارەتی نەوتی عێراق ئاماژەیان بەوە کرد، ئامێرە دزراوەکان لە هەرێمی کوردستان بوون.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...