هه‌واڵ

پارێزگاری سلێمانی: کۆچێکی شاراوە لە عێراقەوە بەرەو هەرێمی کوردستان هەیە

پارێزگاری سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، کۆچێکی شاراوە لە باشوور و ناوەڕاستی عێراقەوە و بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا بەرەو هەرێمی کوردستان دەستی پێکردووە و ئەوەش مەترسییەکی دیمۆگرافی دروست دەکات.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

د. هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی، ئەمڕۆ شەممە، ٤ی ئایاری ٢٠٢٤ بە میدیاکارانی ڕاگەیاند، بەهۆی کاریگەری گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر باشوور و ناوەڕاستی عێراق، کە زۆنگاوەکان وردە وردە بەرەو وشکبوون دەچن و شەپۆلێکی کۆچ لەو ناوچانەوە بەرەو هەرێمی کوردستان دەست پێ دەکات.

پارێزگاری سلێمانی، باسی لەوە کرد، ئەوە بۆ کورد تەنیا گۆڕانی ژینگە و کەشوهەوا نییە، بەڵکوو گۆڕانی دیمۆگرافی دێنێتەکایەوە و گوتی: “ئەگەر ئێمە بەوریاییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو کۆچە شاراوەیە نەکەین کە لە باشوور و ناوەڕاستی عێراق بەرەو هەرێمی کوردستان هەیە، ئەوە بەدڵنیاییەوە پێنج ساڵی دیکە سلێمانی دەبێت بە کەرکووک و کەرکووک دەبێت بە بەغدا و بەغدا دەبێت بە بەسڕە و ئەوکات دەبێت داوا بکەین ماددەی ١٤٠ لە شاری سلێمانی جێبەجێ بکرێت”.

ئەو لێدوانەی د. هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی لەکاتێکدا دێت، کە بەگوێرەی ئامارەکانی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ لە حوزەیرانی ٢٠١٨ەوە تا ١٥ی ئەیلوولی ٢٠٢٣، بەدیاریکراوی ٢١ هەزار و ٧٩٨ خێزان کە دەکاتە ١٣٠ هەزار و ٧٨٨ کەس، بەهۆی وشکەساڵییەوە لە سەرانسەری ١٢ پارێزگای عێراق ئاوارە بوون. پارێزگاکانی زیقاڕ (حەوت هەزار و ٨٩٠ خێزان)، میسان (چوار هەزار و ٤٢٠ خێزان)، نەجەف (سێ هەزار و ٢٣٤ خێزان) ئەو سێ پارێزگایەن کە زۆرترین ژمارەی ئاوارەیان هەیە.

ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ و ناوەندەکانی چاودێری ژینگە، هۆشداری دەدەن کە عێراق بەگشتی و پارێزگاکانی باشووری وڵاتەکە بەتایبەت لەژێر زۆرترین کاریگەری گۆڕانی کەشوهەوا دەبن و چاوەڕوانی شەپۆلێکی گەورە و بەردەوامی کۆچ لەناو دانیشتووانی ئەو ناوچانەوە بۆ بەشەکانی دیکەی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکرێت.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...