بارزانی: پێویستە ڕەچاوی شەراکەت و تەوافق و هاوسەنگی بکرێت
زێدپرێس
ئەو گوتانەی بارزانی، لە میانەی کۆبوونەوەی لەگەڵ چین و توێژەکانی دەڤەری ئامێدی هات، کە ئەمڕۆ شەممە ١٩ی ئابی ٢٠٢٣، لەگەڵ “چین و توێژەکان و پێشمەرگە و هەڵگرانی مەدالیای بارزانی و کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکان و پێکهاتەکان و بەرپرسانی حزبی و حکومی و جەماوەری سنورەکە لە سنوری لقی 18ی ئامێدی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبووەوە”، وەک ئەوەی بارەگای بارزانی لە ڕاگەیەنراوێکدا گوتوویەتی.
مەسعوود بارزانی وتارێکی پێشکەش بە ئامادەبووان کرد و گوتی، بۆ گوێگرتن لە ڕاووبۆچوون و داواکاریی و کێشەکانی خەڵکی ئەو دەڤەرە هاتووە.
هەر لەو وتارەیدا، ئاماژەی بەوە کرد، لایەنە پەیوەندیدارەکان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵی خۆیان داوە و دەدەن، تاکوو دەستی ئاوەدانی و خزمەتکردنی زیاتر بگاتە دەڤەرەکە، بەڵام وەک ڕوونی کردەوە، “هەندێک گرفت بەهۆی بارودۆخی ئەمنی لەم دەڤەرە هەن، چونکە هەندێک شوێن و گوندی ئەم دەڤەرە بە هۆکاری ئەمنی نەتوانراوە دەستی خزمەتکردنی پێ بگات و ئەوەش بووەتە مایەی کەمبوونەوەی دەرفەتی کار لە سنورەکەدا و لاوازیی کەرتی تایبەت”.
بارزانی لە باسی بارودۆخی ناوخۆی هەرێمدا، ڕایگەیاندووە، بوونی بیروڕای جیاواز لە ناو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بابەتێکی سرووشتییە، “بەڵام پێویستە هەموو لایەنەکان لەسەر پاراستن و بەهێزکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و هاووڵاتیانی هەرێم کۆک بن”.
پەیوەست بە بارودۆخی عێراق و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، وەک ئەوەی لە ڕاگەیەنراوەکەدا ئاماژەی بۆ کراوە، بارزانی جەختی لەوە کردەوە، “لە هەوڵەکانمان بەردەوامین بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و بۆ ئەم مەبەستە گفتوگۆکان درێژەیان هەیە و بە ئومێدین بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان”، هەروەها ئاماژەی بەوەدا، “پێویستە ڕێز لەڕێککەوتنەکان و دەستور بگیرێت و لایەنەکانی عێراق ڕەچاوی بنەماکانی شەراکەت و تەوافق و هاوسەنگی بکەن”.