ئابووریهه‌واڵ
ئاراستەکان

حکوومەتی عێراق لە داهاتی مەرزە سنورییەکانی کوردستان دەبات

زێدپرێس

بەگوێرەی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێم، لە مەرزە سنورییەکانی کوردستاندا، یاسای ڕسوماتی گومرگی وەک خۆی جێبەجێ دەکرێت، بەڵام حکوومەتی عێراق لە مەرزە سنورییەکانی عێراق، پابەندی یاسایەکە نابێت و بەو هۆیەوە، بازرگانان بۆ خۆدوورخستنەوە لە باج و ڕسوماتی گومرگی، کاڵاکانیان لە ڕێگەی مەرزەکانی عێراقەوە هاوردە دەکەن و بەو جۆرەیش لە داهاتی مەرزە سنورییەکانی هەرێم کەم دەکرێتەوە.

ئەمڕۆ شەممە ١٩ی ئابی ٢٠٢٣، هونەر جەمال گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند، لە دەروازە سنورییەکانی هەرێمی کوردستاندا، یاسای ڕەسمی گومرگی یەکگرتووی عێراق وەک خۆی جێبەجێی دەکرێت، “بەڵام بەداخەوە حکوومەتی عێراق و بەشێک لە خاڵە سنورییەکانی عێراق پابەند نابن بە پیادەکردنی یاسای ڕەسمی گومرگی”.

وەک گوتەبێژەکە ڕوونی کردەوە، “ئەوەش وایکردووە ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە بەشێک لە خاڵە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان کەم ببێتەوە و هەندێک جار بازرگانانی خۆمان پەنا بۆ خاڵە سنورییەکانی عێراق دەبەن، لەبەرئەوەی باج و ڕسومات لەوێ کەمتر وەردەگیرێت”.

وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەوڵیداوە بە چاودێریکردن و پشکنینی ئەو بارانەی لە پارێزگاکانی باشور و ناوەڕاستی عێراقەوە بۆ ناوخۆی هەرێمی کوردستان هاوردە دەکرێن، کۆنتڕۆڵی دۆخەکە بکات.

وەک گوتەبێژی وەزارەتەکە دەڵێ “هەوڵمانداوە چارەسەری ئەو کێشەیە بکەین و بەڕێوەبەرایەتی چاودێری گومرگیمان پێکهێناوە، کە ئەرکیان بەدواداچوونە بۆ ئەو بارانەی لە شارەکانی باشور و ناوەڕاستی عێراقەوە دێنە ناو هەرێمی کوردستانەوە”. زیاتر دەڵێ “لە دەروازەکانی نێوان پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان پشکنین بۆ بارەکان دەکرێت و هەر بارێک یان کاڵایەک هاوردەکرا بێت و باجی پێویستی نەدابێت، یان کەمتری لێوەرگیرا بێت، جیاوازییەکەی لێوەردەگیرێتەوە و لە ساڵی ڕابردوویشەوە، کاڵا و بارێکی زۆر بەو شێوەیە کۆنترۆڵ کراوە”.

بەگوێرەی گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێم، “بەهۆی ئەو چاکسازییانەی لە خاڵ و دەروازە سنورییەکاندا کراوە، لە ساڵی ٢٠١٩ تا ٢٠٢٢ بەهای ئاڵوگۆڕی بازرگانی دەروازە سنورییەکان بە نزیکەی دوو ترلیۆن و نیو دینار بەرزبووەتەوە”.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...