هه‌واڵ

وەزارەتی تەندروستی کۆمەڵێک سزای بەسەر نەخۆشخانەی ئەربیل ئیتەرناشناڵدا سەپاند

زێدپرێس

وەزارەتی تەندروستی، کۆمەڵێک سزای بەسەر نەخۆشخانەی ئەربیل ئینتەرناشناڵ و ئەو دوو کارمەندە تەندروستییە سەپاند، کە پێشێلکارییان بەرانبەر منداڵە تازە لەدایکبووەکەدا ئەنجامدا بوو.

وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ ٢٠ی ئابی ٢٠٢٣، ڕاگەیەنراوێکی لەبارەی کەیسی پێشێلکردنی مافی منداڵێکی تازە لەدایکبوو لە نەخۆشخانەی ئەربیل ئینتەرناشناڵ بڵاو کردەوە، کە سەپاندنی کۆمەڵێک سزا بەسەر چەند کارمەندێکی تەندروستی و بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە و خودی نەخۆشخانەکە دەگرێتەوە.

بەپێی ڕاگەیەنراوەکەی وەزارەتی تەندروستی، ئەو دوو کارمەندەی پێشێلکارییان بەرانبەر منداڵە تازە لەدایکبووەکە کردووە، لە بنەڕەتدا، ڕێگەپێدانی کارکردنیان لە لیستی نەخۆشخانەکەدا نەبووە. لەوەش گرنگتر، بەپێی ڕاگەیەنراوەکەی وەزارەتی تەندروستی، بەشی منداڵە ناکامەکان (خدج) لە نەخۆشخانەی ئەربیل ئینتەرناشناڵ لە بنەڕەتدا مەرجی تەندروستی نەبووە و بەو هۆیەشەوە ئێستا بەشەکە داخراوە، تا مەرج و ڕێنماییە تەندروستییەکان جێبەجێ دەکات.

 

دەقی ڕاگەیەنراوی وەزارەتی تەندروستی:

سزاو و ڕێکارەکانی وەزارەتی تەندروستی لەسەر پێشێلکردنی مافی منداڵێکی تازە لەدایکبوو …

دوابەدوای بڕیاری وەزارەتی تەندروستی بۆ گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی بەرانبەر گرتە ڤیدیۆیەکی پێشێلکردنی مافی منداڵێکی تازە لەدایکبوو لە نەخۆشخانەی (اربیل ئینتەرناشناڵ)ی ئەهلی.

وەزارەتی تەندروستی لەڕێگەی تیمی پشکنین و بەدواداچوون سەردانی مەیدانی نەخۆشخانەی ناوبراویان کرد بۆ بەدواداچوونی ئەم دیاردەیە، بەپێی ڕاپۆرتی ژمارە (١١٢) لە ڕێککەوتی ٢٠٢٣/٨/٢٠ و پاڵپشت بە یاسای مافی نەخۆش ژمارە ٤ی ساڵی ٢٠٢٠ و ڕێنمایی جێبەجێکردنی ڕێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی ژمارە ٤ی ساڵی ٢٠٢٢ و ڕاسپاردەکانی لیژنەی بەدواداچوون بڕیار درا بە:

١- دوورخستنەوەی هەردوو کارمەندی نەخۆشخانە بە ناوەکانی (گ. ع. ع) و (س. ێ. م) لە نەخۆشخانەی ناوبراو، سەرەڕای نەبوونی ڕێگەپێدانی کارکردنی ئەم دوو کارمەندە لە لیستی نەخۆشخانە.

٢- سڕکردن و لەکار ڕاگرتنی هەردوو کارمەندی ناوبراو لە کارکردن لە بواری پزیشکی و تەندروستی بۆ ماوەی شەش مانگ.

٣- داخستنی بەشی منداڵە ناکامەکان (خدج) لە نەخۆشخانەی ناوبراو بەهۆی نەبوونی مەرجی تەندروستی تا ڕێکخستنەوە و پەیڕەوکردنی مەرج و ڕێنماییەکانی تەندروستی.

٤- داخستن و ڕاگرتنی نەشتەرگەری منداڵبوون تا جێبەجێکردنی بڕیارەکانی خاڵی سێیەم.

٥- سزای بەڕێوەبەر و نەخۆشخانە بەپێی ڕێنمایی پێبژاردنی سەرپێچی.

٦- سزای ئاگادارکردنەوە (ئینزار)ی بەڕێوبەری نەخۆشخانە بۆ کارکردنی پزیشکان و کارمەندان و فەرمانبەرانی نەخۆشخانە بەپێی لیستی ڕێگەپێدراو لە وەزارەتی تەندروستی.

٧- هەواڵەکردنی دۆسیەی سەرپێچی کردن و پێشێلکردنی مافی نەخۆش بۆ دادگای تایبەتمەند.

وەزارەتی تەندروستی

حکوومەتی هەرێمی کوردستان

٢٠ ئاب ٢٠٢٣

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...