هه‌واڵ

فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان هۆشداریی بە حکوومەتی هەرێم دەدات

زێدپرێس

ئەمڕۆ یەکشەم ٢٠ی ئابی ٢٠٢٣ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی، کە لە هەولێر سازکرا، ژەنەراڵ ماتیۆ مەکفارلێن فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سوریا، ڕوونکردنەوەیەکی لەسەر ئامانجەکانی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن بۆ چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە خستەڕوو.

فەرماندەیی گشتی هێزەکانی هاوپەیمانان، بەڕوونی ڕایگەیاند، ئەگەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان نەتوانێت پابەندێتییەکانی خۆی بەجێ بگەیەنێت و چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە ئەنجام نەدرێن، هاوکارییە سەربازییەکان بۆ هێزەکانی پێشمەرگە ڕادەگرن و ئەوان وەبەرهێنان لە شتێکدا دەکەن، کە ئەنجامی هەبێت.

ژەنەراڵ ماتیۆ مەکفارلێن، بەر لەوەی لەسەر هەندێک پرس و بابەتی پێوەندیدار، وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسان بداتەوە، گوتەیەکی پێشکەش کرد، کە تیایدا ئاماژەی بە ناوەڕۆکی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان هێزەکانی هاوپەیمانان و حکوومەتی هەرێم کرد.

ژەنەراڵ مەکفارلێن پێداگیری لەسەر گرنگی دیاریکردنی وەزیرێک بۆ وەزارەتی پێشمەرگە کرد، بۆ ئەوەی ڕێبەرایەتیی چاکسازییەکان لە وەزارەتەکەدا بکات و ئەوەشی وەک نیەتپاکی و دڵنیاییدان لەلایەن حکوومەتی هەرێمەوە لێکدایەوە، بە ئاڕاستەی پابەندبوون بە ناوەڕۆکی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنەکەی نێوانیان.

فەرماندەیی گشتی هێزەکانی هاوپەیمانان، لە سەرەتای قسەکانی، هۆشداریی بە حکوومەتی هەرێم دا، لەسەر ئەو بنەمایەی کە ئەگەر چاکسازی و پابەندبوونەکانی خۆی کە لە یاداشتنامەکەدا نووسراونەتەوە، جێبەجێ نەکات، وەزارەتی بەرگری ئەمریکا ناتوانێت لە پێشکەشکردنی پاڵپشتییە سەربازی و ئەمنییەکانی بۆ هێزەکانی پێشمەرگە، بەردەوام بێت.

 

دەقی لێدوانەکەی ژەنەراڵ ماتیۆ مەکفارلێن فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سوریا

کاتێک هەنگاو بەرەو دەرچوونی هەڵسەنگاندنی ساڵانە دەنێین، چاوەڕوانی ئەوەمان لە حکوومەتی هەرێم هەیە، وەزیرێک بۆ وەزارەتی پێشمەرگە دابنێت، بۆ پیشاندانی نیەتپاکی و پابەندبوون بە ڕیفۆڕم و چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگەدا.

وەکوو هەر چاکسازییەک لە هەر حکوومەتێکدا، پێویست بە ڕابەرێکە، کەوا پێشەوایەتی چاکسازییەکە بکات، ئەگەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان نەتوانێت چاکسازی و پابەندبوونەکانی خۆی کە لە یاداشتنامەکەدا نووسراونەتەوە، جێبەجێ بکات، دەبێتە هۆی ئەوەی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا نەتوانێت بەردەوام بێت لە پێشکەشکردنی پاڵپشتییە سەربازی و ئەمنییەکانی بۆ هێزەکانی پێشمەرگە.

حکوومەتی ئەمریکا وەکوو هاوبەشێکی دوورمەودای عێراق، ئامانجی ئەمنی و سەربازی هاوبەشی لێرە هەیە.

پێویستە دەستوبرد لە چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگەدا بکرێت بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجانەی کە لە یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنەکەدا ئیمزای لەسەر کراوە. یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنەکە پابەندێتییەکی دوولایەنەیە، هەردوولا پێویستە پابەندێتی خۆیان جێبەجێ بکەن بۆ ئەوەی سەرکەوتوو بێت. هیوادارین سەرکردەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێکەوە و بەیەکگرتوویی کار بکەن، بۆ ئەوەی دڵنیابینەوە لە گەیشتنە ئەو ئامانجانەی لە یاداشتنامەکەدا هاتوون. بۆ ئەوەی یارمەتیدەربن لە دروستکردن و پێکهێنانی هێزێکی یەکگرتوو و پڕۆفیشناڵی پێشمەرگە و تاکوو ئەو هێزە یەکگرتوو و پڕۆفیشناڵە، بتوانێت کار لەگەڵ هاوتا و هاوبەشەکانی بکات لە عێراق، بۆ دڵنیاییدان لە تێکشکانی تەواوەتی داعش.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...