هه‌واڵ

ڕۆژنامەنووسێک دەبێتە کونسڵی گشتی ئەمریکا لە هەولێر

زێدپرێس

مارک سترۆ پۆستی کونسڵی گشتی ئەمریکا لە هەولێر وەردەگرێت. ئەو پێشتر ڕۆژنامەنووس و چەند ساڵێکیشە بەڕێوەبەری میدیاکانی نێودەوڵەتییە لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ئەمڕۆ یەکشەم ٢٠ی ئابی ٢٠٢٣، ناوی کونسڵی نوێی وڵاتەکەی لە هەولێر ڕاگەیاند.

مارک سترۆ دەبێت بە کونسڵی گشتی ئەمریکا لە هەولێر.

وەک لە ڕاگەیەنراوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هاتووە، مارک سترۆ، کارمەندی خزمەتگوزارییەکانی وەزارەتی دەرەوە، بەڕێوەبەری فەرمانگەی میدیای نێودەوڵەتییە لە دەزگای کاروباری گشتیی جیهانی. ئەو پێشووتر، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کاری کردووە وەک سەرکردەی تیمی START لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا لە ساڵانی ٢٠١٧-٢٠١٨. لەو ساڵانەدا کە بەشێک لە ناوچەکانی ژێردەستی داعش ئازادکرابوون و پێویستیان بە بوژانەوە بوو، هەروەها خەڵکەکەش پێویستییان بە یارمەتی هەبوو، ئەو سەرکردایەتی تیمێکی پێکهاتوو لە خۆبەخشان و هێزی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان دەکرد، بۆ بەڕێوەبەرایەتیکردنی گەیاندنی هاوکارییە مرۆیییەکان بە لێقەوماوانی سووریا.

هەر بەپێی وەزارەتی دەرەوە، سترۆ، وەک چاودێر و سەرۆک دەستە، پێگەی لە شارەکانی کوەیت لە کوەیت، بەسڕە و ئەلحلە لە عێراق، ڕیاز لە سعوودیە، کابول لە ئەفغانستان، ئیسلامئاباد لە پاکستان، هەروەها ڕیۆ دی جانیرۆ لە بەڕازیل هەبووە.

لە واشنتنیش چەندین پێگەی کارگێڕی و ڕۆژنامەوانی هەبووە، گرینگترینیان جێگری گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی و بەڕێوەبەری ئۆفیسی ڕۆژنامەوانی لە فەرمانگەی کاروبارە گشتییەکان.

بەهۆی خزمەتەکانییەوە، بۆ چەندین خەڵاتی ناوخۆیی گرنگ پاڵێوراوە و چەندانێکیشی بەدەست هێناوە، لەوانە، خەڵاتی باڵای شەرەف و لە ئەیلوولی ٢٠١٢ـش، لە پلەی دووەم دەهات بۆ خەڵاتی ئێدوارد مەرۆو بۆ شارەزایی لە دیبلۆماسیی گشتیی، گەورەترین خەڵاتی وەزارەتی دەرەوە بۆ کاری دیبلۆماسیی گشتی، دوای کار و دەستکەوتەکانی وەک کارمەندی ڕۆژنامەوانی باڵیۆزخانەی ئیسلامئاباد.

پێش ئەوەی پەیوەندی بە وەزارەتی دەرەوە بکات، مارک سترۆ ڕۆژنامەنووس بووە و لە چەندین بڵاوکراوەی ڕۆژانە و هەفتانەدا کاری کردووە، لەوانە فیلادلفیا ئینکویرەر، کە لە ساڵی ٢٠٠٠ تا ٢٠٠٢ پەیامنێری ڕۆژانە بووە. مارک سترۆ هەڵگری بڕوانامەی بەکالۆریۆسە لە مێژوو و زانستە سیاسییەکان لە کۆلێژی ڕاندۆڵف- ماکۆن و هەروەها هەڵگری بڕوانامەی ماستەرە لە ڕۆژنامەگەری لە زانکۆی کۆڵۆمبیا.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...