هه‌واڵ

تورکیا دەیەوێت حکوومەتی هەرێم قەرەبووی ملیارێک و ٥٠٠ ملیۆن بە عێراق بدات

زێدپرێس

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی بلۆمبێرگ، تورکیا دەیەوێت لە بەرانبەر دەستکردنەوە بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، حکوومەتی هەرێم لەجیاتی تورکیا بڕی ئەو ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلارە بە عێراق بدات، کە وەک سزا لەلایەن ژووری بازرگانی پاریسەوە بەسەر تورکیادا سەپێندراوە.

ئەمڕۆ هەینی ٢٥ی ئابی ٢٠٢٣، ئاژانسی بلۆمبێرگ ڕاپۆرتێکی لەبارەی دانوستانەکانی نێوان عێراق و تورکیا بۆ دەستکردنەوە بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە.

وەک لە ناوەڕۆکی ڕاپۆرتەکەدا ئاماژەی بۆ کراوە، لە مانگی ئازاری ڕابردووەوە، هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە بەندەری جیهانی تورکیا ڕاگیرا، دوای ئەوەی تورکیا بەبڕی یەک ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلاری ئەمریکی سزا درا.

سزادانەکە، لەسەر داوایەکی حکوومەتی عێراق بوو، کە دژ بە تورکیا بۆ هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی بەندەری جیهانی تورکیا و بەبێ ڕەزامەندی کۆمپانیای فرۆشتنی نەوتی عێراق-سۆمۆ تۆمار کرابوو.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکەی بلۆمبێرگ، تورکیا هەوڵدەدات نێوانگیریی ڕێککەوتنێک لە نێوان حکوومەتی ناوەندی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بکات سەبارەت بە چۆنیەتی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی خاکەکەیەوە و بۆ ئەوەش تورکیا دەیەوێت، حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەو قەرەبووە بە لایەنی عێراقی بدات، کە لە ژووری بازرگانی پاریس بەسەر تورکیادا سەپێندراوە، ئەوەش وەک مەرجێک بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان.

تورکیا لە مانگی ئازاری ڕابردوودا هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانی لە ڕێگەی بۆڕییەوە ڕاگرت، دوای ئەوەی دادگای ناوبژیوانی پاریس بڕیاریدا تورکیا نزیکەی ملیارێک و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار عێراق بدات وەک قەرەبووی گواستنەوەی نەوت بەبێ ڕەزامەندی بەغدا.

ڕاپۆرتەکەی بلۆمبێرگ باس لەوە دەکات، کە بەرپرسانی تورکیا دەڵێن، ئەنقەرە هیچ نیازێکی نییە ئەو غەرامەیە بدات و داوا لە کورد دەکات غەرامەکە بە بەغدا بدات.

ئەو ڕاپۆرتە دوای ئەوە دێت، کە لە هەفتەی ڕابردوودا، دیدار و کۆبوونەوە لە نێوان وەزیری نەوتی عێراق و وەزیری وزەی تورکیا لە ئەنقەڕە بەڕێوەچوو، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان کرابوو، بەبێ دیاریکردنی هیچ وادەیەک بۆ دەستکردنەوە بە هەناردەکردنی نەوت.

دوێنێ چوارشەم هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا، دوای زنجیرەیەک دیدار  و کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا، سەردانی هەولێری کرد و لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکوومەتی هەرێم و جێگرەکەی بە جیا دیدار و کۆبوونەوەی ساز کرد.

هەردوو مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، ئاماژەیان بەوە کرد، کە لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا باس و خواس لەبارەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان کراوە، بەبێ ئەوەی هیچ زانیارییەکی دیکە ئاشکرا بکەن.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...