هه‌واڵ

لە ١٨ شاری ڕۆژهەڵاتی کوردستان مانگرتن بەڕێوەچوو

زێدپرێس

 

هاوکات لەگەڵ ساڵیادی کوژرانی ژینا ئەمینی لەلایەن هێزە حکوومەتییەکان و ساڵڕۆژی دەستپێکردنی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، دوای بانگەوازی پێشوەختەی حزب و لایەنە کوردستانییەکان و هەروەها ڕێکخراوە و چالاکە مەدەنییەکانی کوردستان، دووکاندار و کاسباکارانی لانی کەم ١٨ شاری٧ ڕۆژهەڵاتی کوردستان مانگرتنێکی بەرینیان بەڕێوەبرد.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئەمڕۆ شەممە ١٦ی ئەیلوولی ٢٠٢٣، مانگرتن لە ١٨ شاری کوردستان وەک؛ بۆکان، دێولان، مەریوان، ئورمیە، سنە، کامێران، بانە، قوروە، ئیلام، بیجاڕ، ڕوانسەر، سەقز، مەهاباد، شنۆ، دیواندەرە، سەردەشت، پاوە و میاندواو بەڕێوەچووە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، پاڵپشت بەو وێنانەی بەدەستی گەیشتوون، ئاماژەی بەوە کردووە، ئەمڕۆ هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی مانگرتنە گشتییەکانی کوردستان، کۆمەڵێکی زۆر لە هێزە سەرکوتکەرە حکوومەتییەکان و بەتایبەت نیشانەشکێنەکان لە شار و شوێنە جیاوازەکان بەتایبەت لە شاری سەقز جێگیر کراون و هێزی سەرکوتکەر و یەکەی تایبەت بە مەبەستی ترساندنی هاووڵاتییان دەسووڕێنەوە، هەروەها هەلیکۆپتەرەکانی سوپای پاسدارانیش بەردەوام لە ئاستێکی نزمدا بەسەر ئاسمانی شارەکانی کوردستاندا خەریکن دەسووڕێنەوە.

لە ڕاپۆرتەکەدا ئەوەش بیرخراوەتەوە، کە ساڵی ڕابردووش چەند جار بە هۆکار و بۆنەگەلی جیاوازەوە مانگرتنی هاوشێوە بە نیشانەی ناڕەزایەتی لەسەر سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لە ڕەوتی بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی”دا لە شارەکانی کوردستان بەڕێوەچوو، هاوکاتیش چالاکانی پیشەیی و کاسبکاران لەم پەیوەندییەدا لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانەوە بەناچار بەڵێننامەیان پێ واژۆ کراوە و سزای پێبژاردنیشان بەسەردا سەپاوە، هەروەها ناوەندە حکوومەتییەکان چەند دووکانێکیشیان داخستووە و مۆڵەتی کاسبیکردن لەو دووکانە داخراوانە هەڵوەشاندووەتەوە.

“بەڕێوەچوونی سەرکەوتووانەی ئەم مانگرتنانە لە کاتێکدایە کە دۆخێکی میلیتاریزە و هاوشێوەی بارودۆخی شەڕ لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بەسەر شارەکانی کوردستاندا سەپێندراوە و هەزاران هێزی سەرکوتکەر و چەکداری پڕچەک بە کەرەستەکانی شەڕ، زرێپۆش، هیلیکۆپتەر و فڕۆکەی سەربازی لە ماوەی حەفتەی ڕابردوودا بۆ شارەکانی کوردستان گواستراونەتەوە”، ئەوەش بەپێی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو.

ڕاپۆرتەکە باس لەوەش دەکات، کە لە چەند هەفتەی ڕابردوودا زۆربەی کاسبکاران و دووکاندارەکان یان لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانەوە بانگکراون یان لە ڕێگەی پەیوەندیی تەلەفۆنییەوە هەڕەشەیان لێ کراوە، کە نابێت لەم مانگرتنەدا بەشداری بکەن و هەر لەم پەیوەندییەشدا پێنج ئەندامی یەکێتیی زێڕفرۆشانی شاری بۆکان دەستبەسەر کراون.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...