مەریوان قەرەنی: داوا لە یەکێتی دەکەین تۆبە بکەن و بگەڕێنەوە سەر ڕێبازی کوردایەتی
زێدپرێس
جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان و ئەندامی لێژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، جگە لە یەکێتی و شۆڤینییەکان هیچ کەس دژی گەڕانەوەی پارتی بۆ کەرکووک نییە.
ئەمڕۆ یەکشەم ٢٨ی ئابی ٢٠٣٣، مەریوان قەرەنی ڕایگەیاند، کە “پێویستە یەکێتی ئەو یارییە منداڵانەیەی کەرکووک ڕابگرێت و جگە لە یەکێتی و شۆڤینییەکانیش هیچ لایەنێک دژی گەڕانەوەی پارتی بۆ کەرکووک نییە”.
جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە نووسینێکدا کە لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک پێوەست بەو ناڕەزایەتییانەی لە دژی گەڕانەوەی پارتی بۆ کەرکووک و وەرگرتنەوەی بارەگاکانیان دروستبووە، بڵاویکردووەتەوە، ناڕەزایەتییەکان بە چالاکی هاوبەشی یەکێتی و شۆڤێنییەکان لەقەڵەم دەدات و داوا لە یەکێتی دەکات “تۆبە” بکەن.
دەقی نووسینەکەی مەریوان قەرەنی:
پێویستە یەکێتی ئەو یارییە منداڵانەیەی کەرکووک ڕابگرێت
بەداخێکی زۆرەوە لە ئێوارەی ڕۆژی یەکشەم ٢٧ی ئابی ٢٠٢٣وە، ژمارەیەک کەسی شۆڤێنی لە هەردوو پێکهاتەی عەرەب و تورکمانی کەرکووک، لەوانەی لایەنگر و چەکداری حەشدی شەعبین، هێندراونەتە سەر شەقامێکی کەرکووک بەردەم بارەگای پارتیمان پارتی دیموکراتی کوردستان کە بەداخەوە نزیکەی شەش ساڵە و لەوەتەی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ی یەکێتی ئەنجام دراوە، لەلایەن فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووکەوە داگیر کراوە.
هەر کەس یەک تۆز ئاگای لە بارودۆخی کەرکووک بێت باش باش دەزانێت کە جگە لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و شۆڤێنییەکان، هیچ لایەنێک دژی گەڕانەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان نییە، بۆیە ئەو دۆخەی ئێستا لەو ناوچەیەش دەگوزەرێت، دیسان چالاکییەکی هاوبەشی نێوان یەکێتی و شۆڤێنییەکانە. لەمەشدا:
– یەکێتی سوودمەندە چونکە زۆر باش دەزانێت بە گەڕانەوەی پارتی بە هێزی تەواوەتیی خۆیەوە، کۆتایی بەو چەند دەنگەش دێت کە یەکێتی لە کەرکووک هێناویەتی و ئیتر هەموو کوردانی کەرکووک دەنگ بە پارتی دەدەن، هەر ئەوەشە یەکێتی زیڕەی لێ کردووە.
– شۆڤێنییەکان لە نەگەڕانەوەی پارتی بۆ کەرکووک سوودمەندن، چونکە لەبەر ئەوەی پارتی لە کەرکووک بە تەواوەتی ئامادەیی نییە، شۆڤێنییەکان بە ئارەزووی خۆیان زوڵم لە کوردانی کەرکووک دەکەن و خاک و ئاوی گوندانی کوردستان لە سنووری کەرکووک داگیر دەکەن کە سەرجەمیان موڵکی کوردانن. شۆڤێنییەکان دەزانن ئەگەر پارتی نەبێت، هیچ حزبێکی دیکە بەرگریی لە کوردانی کەرکووک ناکات و دەیانەوێت بە ئارەزووی خۆیان لە زوڵمکردن لە کوردانی کەرکووک بەردەوام بن، بۆیە دژی گەڕانەوەی پارتین بۆ کەرکووک.
لێرەوە داوا لە بەڕێزان لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکەین، واز لەو یارییە منداڵانەیە بێنن و تۆبە بکەن و بگەڕێنەوە بۆ سەر ڕێ و ڕێبازی کوردایەتی، بە پێچەوانەوە مانەوەیان لە بەرەی شۆڤێنی و داگیرکەر و نەیارانی کوردستان، هێندەی دیکە خیانەت و سەرشۆڕییان بۆ دەکاتە ناونیشان و تا هەتایە پێی دەناسرێنەوە.
مەریوان قەرەنی
جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان و ئەندامی لێژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق