هه‌واڵ

حوسێن یەزدانپەنا: هێزەکانی ئێران لە قوڕێک دەچەقێنین ڕزگاربوونیان باجی قورسی لەسەربێت

زێدپرێس

 

حوسێن یەزدانپەنا فەرماندەی گشتیی سوپای میللیی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، ھەرگیز نەیانویستووە خاکی ھەرێمی کوردستان ببێتە جێی تێکھەڵچوون و پێکدادانیان لەگەڵ ئێران، بەڵام ئەگەر ھێرشی هێزەکانی ئێران لە وشکاییەوە تەنیا بۆ سەر حزبەکان و هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بێت، بەرەنگاریان دەبنەوە و “لە خاکی ھەرێمدا لە قوڕێکییان دەچەقێنین کە ڕزگاربوونیان لێی، باجی قورسیان لەسەر دەخات”.

 

دەقی پەیامی حوسێن یەزدانپەنا فەرماندەی گشتیی سپای میللیی کوردستان سەبارەت بە ھەڕەشەکان و ئەگەری ھێرشی ئێران

 

ڕۆڵەکانی نەتەوەی مەزنی کورد!

لە واژۆکرانی ڕێککەوتننامەی ئاسایشیی نێوان ئێران و عێراقەوە تا ئێستا، کاربەدەستانی سیاسیی و لەشکریی ئێران پەیتا پەیتا هەڕەشەی پەلاماردانی حزب و پێشمەرگەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان بڵاو دەکەنەوە.

هەر بۆ ئەم مەبەستە ژمارەیەک چەکی قورس و چەند یەکەیەکی دیکەی سپای پاسداران لەسەر سنوورەکان جێگیرکراون. هەروەها چەند تیمی ھێزی قودسی سپای پاسداران لە کەرکووک و پردێ دامەزراون.

تاران ڕۆژی ٢٨ی خەرمانان ڕێکەوتی نۆزدەی سیپتامبری وەک دوا مۆڵەت دیاریی کردووە کە ئەگەر رێککەوتننامەکەیان وەک خۆی جێبەجێ نەکرێت، لەشکرکێشییەکەی بۆ سەر هەرێمی کوردستان و پەلاماردانی حیزبەکانی ڕۆژھەڵات دەست پێدەکات.

ئێستا کە حەوتوویەک تا ئەو کاتە ماوە، بە پێویستی دەزانم هەڵویست و پلانەکانی سپای میللیی کوردستان بەمجۆرە رابگەیەنم:

١- رێککەوتننامەی ئاسایشیی ئێران لەگەڵ عێراق و گەف و هەڕەشە بەردەوامەکانی ، پەردە لەسەر راستییەک هەڵدەدەنەوە کە دەبێ بۆ ڕۆڵەکانی نەتەوەکەمان بە گشتیی و ڕۆژھەڵاتی داگیرکراو بە تایبەتیی جێگای شانازیی و خۆڕانان بێت.چوونکە کۆی هاوکێشەکە نیشانەی هەڵکشانی پێگە و گرینگیی دەوری رۆژهەڵاتی کوردستان و حیزب و ھێزەکانی لە ململانێی هێز لە ناوچەکە و ترس و نیگەرانیی ئێرانە.

کوردستان وەک سەرچاوەی گەورەترین راپەڕینی ٤٤ساڵی پێشوو لە جوغرافیای ئێراندا، پێشەنگی کۆتاییهێنان نەک بە حکوومەتێک،بەڵکوو بە دەوڵەتێک و سیستەم و پێوەندییەکی کۆلۆنالیستیی و ئازادیی نەتەوە کۆڵۆنیکراوەکانی ئەو جوغرافیایە و نەتەوەی فارسیشە لە تۆتالیتاریزم.

پیلانگێڕی و رەفتارە سیاسیی و لەشکرییەکانی ئێران لەگەڵ قەوارە و بزاڤە سیاسییەکانی کورد لە باشوور و رۆژاوا و ڕۆژھەڵات و باکووری کوردستان، ئێستا بە شێوەی دیارییکراو لە پێناو گەمارۆدانی ڕاپەڕینی ژینا و ڕێگریی لە بڵێسە سەندنەوەی پۆلووەکانی ئەو ڕاپەڕینەیە.

٢- ئێمە بۆچوون و پێشنیاری خۆمان بۆ بەرپەرچدانەوەی سیاسەتەکانی تاران و بەغدا لە ھەرێمی کوردستانەوە ھەیە. بەڵام بڕیاراتی سیاسیی و لەشکریی هەرێمی کوردستان، لەسەرکردایەتی و دامەزراوەکانی خۆیەوە وەردەگیرێن و خۆیان لێی بەرپرسن.

ئەگەر هەرێمی کوردستان لە بەرانبەر سنووربەزاندن و دەستدرێژیی ئێراندا، بڕیار و پلانی بەرەنگاربوونەوە و بەرگریی هەبێت، ئەوە هێزەکانی ئێمە شانبەشانی هێزەکانی هەرێمی کوردستان شانازیی نەبەردێکی دیکەی وەک نەبەردی پردێ بۆ خۆیان و مێژووی کوردایەتیی تۆمار دەکەن. یەکگرتوویی سیاسیی و لەشکریی ڕۆژھەڵات و باشووری نیشتمان نەک ھەر پەلامار و دەستدرێژییەکی ئەوتۆ تێکدەشکێنێت، بەڵکوو دەرگای گۆڕانکاریی گەورەش لەسەر کوردستان دەکاتەوە.

٣- ئێمە ھەرگیز نەمانویستووە خاکی ھەرێمی کوردستان ببێتە جێی تێکھەڵچوون و پێکدادانمان لەگەڵ ئێران، بەڵام ئەگەر ھێرشی هێزەکانی ئێران لە وشکاییەوە تەنیا بۆ سەر حیزبەکان و هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بێت، ئەوە بەرەنگاربوونەوەیان لە مافێکی سروشتیی وەک «مافی دیفاعی ڕەوا»وە وەردەگرین و بە بەرەنگاربوونەوەیان لە خاکی ھەرێمدا لە قوڕێکییان دەچەقێنین کە ڕزگاربوونیان لێی، باجی قورسیان لەسەر دەخات. زۆر لە فەرماندەکانی ئێستای سپای پاسداران زەبری هەڵمەتی پێشمەرگەیان چێشتووە و ئەو دۆزەخەیان دیتووە کە پێشمەرگەی کوردستان، بۆیانی ساز دەکرد. بێجگە لە ڕۆڵەکانی ڕۆژھەڵات، ھەر لە ئێستاوە سەدان و بگرە ھەزاران مێرخاسی باشووری نیشتمانیش خۆیان بۆ بەشداریی لە شەرەف و شانازییەکی نەتەوەیی وەھا ساز کردووە.

٤- ئەگەر گەف و هەڕەشەکانی دوژمن تەنیا هاژەکیی و درۆنیی بن، ئەوە بەرەنگاربوونەوە و “مقابلە بە مثل»لە دەرەوەی توانای ئێمە و ھەرێمی کوردستانە و بەرپرسایەتی پاراستنی هەرێمی کوردستان و پێشمەرگە دەخاتە ئەستۆی ئەوانەی ١٠٠ساڵ لەمەوبەر بێئەخلاقیی رێگریی لە بە دەوڵەتبوونی  کوردستان و دابەشکردنی کوردستانیان خۆلقاندو ئەمڕۆ (لەم ناوچەیە)، تەنیا لەم کوردستانە دەتوانن شەوێک بە ئاسوودەیی  رۆژ بکەنەوە.لەم حاڵەتەدا ئەرک و پلانی سەرەکیی ئێمە گرتنەبەری رێوشوێنی گونجاو بۆ پاراستنی هێزەکانمانە.

٥- لێدوانی یەک بە دوای یەکی کار بە دەستانی سیاسیی و لەشکریی ئێران لە تەنیشت دەیان پەیج و ماڵپەری سەر بە دام دەزگا سیخۆریی و تێروریستییەکانی ئێران بە زمانەکانی فارسی و کوردی لەهەر دوو بەشی رۆژهەڵات و باشووری کوردستان،مەکینەیەکی گەورەی درۆ و چەواشەکارییان بۆ شەڕی سایکۆلۆژیی دژی کوردستان و پارتە سیاسییەکانی ڕۆژھەڵات و سپای میللیی کوردستان، پێکهێناوە. بەربەرەکانی و بەرپەرچدانەوە و پەکخستنی  کاریگەرییەکانی مەکینەی  درۆ  و چەواشەی تاران، بە ڕادەی شەڕ و نەبەردەکانی سەر زەوی گرینگە و هەر ڕۆڵەیەکی کوردستان لە لای خۆیەوە دەتوانێ پێشمەرگەیەک بێت لەم سەنگەرەدا .

٦- دەوڵەتی هەرگیز خاوەن ئەخلاق نەبووی ئێران، بەشێکی گەورە لە حەولەکانی لەسەر تەوەری ناکۆکیی نانەوە و بە گژ یەکتردا کردنی خەڵک و پارتە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و خەڵک و حکومەت و پارتەکانی باشوور کوردستان کۆک کردووە. پرسی پێوەندیی نێوان پارچەکانی کوردستان لە خانەی ئاسایشی نەتەوەییدایە. بۆیە پێویستە لە ھەر دوولاوە زۆر بە هەستیاری هەڵسوکەوتی لەگەڵ بکرێت. سپای میللیی کوردستان و جەنگاوەرەکانی کە خوێن و عارەقەیان لەگەڵ ڕۆڵەکانی باشوور و باکوور و رۆژاوای کوردستان تێکەڵ بووە، لای خۆیانەوە، هیچ دەرفەتێک بە یاری و فیتنەگێڕیی دوژمن لەم بەستێنەدا نادەن و دەوڵەتی عەجەم خیت دەکەنەوە. ئێمە لەم دۆخە دژوارەدا کە ھەرێمی کوردستانی پێدا تێپەڕ دەبێت، لە سەر سیاسەتی ئەوپەڕی ھاوکاری و تێگەیشتن و ڕەچاوکردنی بارودۆخی ھەرێمی کوردستان، بەردەوام دەبین.بەڵام ئەو خائینانەش لە بیرناکەین کە لەم دۆخ و قۆناغەدا ، هاودەست و هاودەنگی سپای پاسداران و مەکینەی درۆ و چەواشەی تارانن.

نەتەوەی کورد و بزاڤە سیاسییەکانی ڕۆژگاری تەنگانە و گەلەکۆمەی داگیرکەرانی زۆر دیتووە. ئەو ڕۆژانە ڕۆیشتوون و کوردستان و کورد بە زیندوویی ماونەتەوە. دۆخی ئەم ڕۆژانە و کەڵەوەکێشیی ئێران کاتییە و تێدەپەڕێت.لە ھەناوی ئەم دۆخ و بارەدا گۆڕانکاریی نوێ سەرھەڵدادات. ڕەوڕەوەی مێژوو ڕووی لە ئازادییە و بۆ دواوە ناگەڕێتەوە.گڕ گرتنەوەی ژیلەمووی ڕاپەڕینی ژینا ھاوکێشەکان دەگۆڕێت و پیلانەکانی تاران تێکدەدات. بۆیە پڕ بە گەروومان دەیڵێینەوە:« ئەی ڕەقیب ھەر ماوە قەومی کورد زمان»!

حسەین یەزدانپەنا

فەرماندەی گشتیی سپای میللیی کوردستان

٢٢ خەرمانانی ٢٧٢٣ کوردی

١٣ سێپتامبری ٢٠٢٣ زایینی

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...