هه‌واڵ

ماڵپەڕی فەرمی پارتی هەواڵی (گرتنەوەی ئاو)ی لابرد

زێدپرێس

پاش ئەوەی ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر زاری ڕاوێژکارێکی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو ڕایگەیاند، هەرێمی کوردستان دۆسیەی ئاو وەک کارتی گوشار لەبەرانبەر عێراق بەکاردێنێت، ماڵپەڕەکە هەواڵەکەی لابرد و لەسەر زاری هەمان ڕاوێژکاریشەوە زانیارییەکانی ڕەتکردەوە.

ئەمڕۆ یەکشەم ٢٨ی ئابی ٢٠٢٣ ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر زاری نەبەز ڕەفعەت ڕاوێژکاری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە، کە “هەرێمی کوردستان بابەتی بەردانەوەی ئاوی لەبەرانبەر عێراق بەکارهێناوە وەک فشار و ئاومان کردووەتە مەرج ئەگەر بەغدا پابەند نەبێ بە ڕێککەوتن، ئێمەش ئاو دەگرینەوە لەسەر ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوری عێراق”.

ڕاوێژکارەکە زیاتر گوتبووی “ئەگەر عێراق ڕێگە نەدات بەرهەمی جووتیارانی کوردستان بچێتە بازاڕەکانی ناوەڕاست و باشوری عێراق و ڕێگری بکرێت، ئێمەش ئاوی پێویست بۆ ئەو ناوچانە بەرنادەینەوە”.

لێدوانی ڕاوێژکارەکەی وەزارەت دەنگدانەوەی لە تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی دروست کرد، بەتایبەت کە چەند میدیایەکی دیکەیش هەمان لێدوانیان لە ماڵپەڕی فەرمی پارتییەوە گواستەوە.

کەمێک پێش ئێستا، وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە ڕوونکردنەوەیەکی تایبەتدا، هەموو ئەو هەواڵ و لێدوان و زانیارییانەی ڕەت کردەوە کە باس لە بەکارهێنانی دۆسیەی ئاو وەک کارتی گوشار و گرتنەوەی ئاو لە هەرێمی کوردستانەوە دەکەن.

هەروەها، ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستان، هەواڵەکەی لابرد و لە جێیدا، ڕوونکردنەوەیەکی کورتی لەسەر زاری هەمان ڕاوێژکار (نەبەز ڕەفعەت)ەوە بڵاوکردەوە، کە تیایدا دەڵێ “ئەمڕۆ لەمیانی گفتوگۆیەک ڕوونکردنەوەیەکی ڕاوێژکاری وەزارەت بەهەڵە لێکدراوەتەوە سەبارەت بە بەردانەوەی ئاو بۆ ناوچەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق. ڕاستی هەواڵەکە بەم چەشنە نییە و بابەتی ئاو بابەتێکی یاساییە و لەچوارچێوەی یاسا بەرکارەکان مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت”.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...