هه‌واڵ

ڕێنمایی تایبەت بە سەلامەتی پیشەیی و تەندروستی کرێکاران بڵاوکرایەوە

وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی، ڕێنمایی ژمارە ١١ی ساڵی ٢٠٢٣ی تایبەت بە تەندروستی و سەلامەتیی پیشەیی لە (١٢) ماددەدا دەركردووە و لە ژمارەی (٣١٤)ی وەقایعی كوردستان بڵاو بووەتەوە.

 

ڕێنماییەكە لەسەر بنەمای پاراستنی پیشەیی و پێویستییەكانی بواری تەندروستیی پیشەیی هاتووەتە كایەوە و ئامانجییەتی سەلامەتی و تەندروستیی پیشەیی بپارێزێت.

لە ماددەی سێیەمی پرۆژەكەدا هاتووە لیژنەی پشكنینی كار هەڵدەستێت بە چەسپاندنی تێبینییەكانی لەسەر ئاستی پێویستییەكانی كار و ئەوەی تایبەتە بە تەندروستی و سەلامەتیی پیشەیی لە ڕاپۆرتەكانی سەردانی پشكنین بۆ پڕۆژەكان؛ لیژنەی پشكنین بەرپرسە لە دیاریكردنی كەمتەرخەمی لە بوونی پێویستییەكانی كار و پشتگوێخستنی پابەندییان لە جێبەجێكردنی تەندروستی و سەلامەتیی پیشەیی لە پڕۆژەكاندا.

لە بەشێكی دیكەی ڕێنماییەكەدا، ئەو دەسەڵاتە بە وەزیر دەبەخشێت؛ بڕیاری داخستنی شوێنی كار، یان ڕاگرتنی كاركردنی ئامێرێك یان زیاتر بدات لەسەر ڕاسپاردەی لیژنەی پشكنین لە كاتی پابەندنەبوونی خاوەنكار بە جێبەجێكردنی ڕێنماییە تەندروستییەكان و سەلامەتیی پیشەیی لە شوێنی كارەكە تا ئەو كاتەی هۆكاری داخستنەكە لادەچێت. ئەو كرێكارانەشی بەو هۆیەوە لە كار وەستاون، مافی وەرگرتنی تەواوی مووچەكانیان هەیە لە ماوەی ڕاگرتنی كارەكەدا.

لە ڕێنماییەكەدا ڕێكار و بنەماكانی دابینكردن و پاراستنی سەلامەتی و تەندروستیی پیشەیی كرێكاران ئاماژەی پێ دراوە و ماف و ئەركی كرێكاران و خاوەنكاران لەم ڕووەوە دەستنیشان كراون، ئەوەش بەپێی قەبارەی كارگەكان و ژمارەی ئەو كرێكارانەی تێیدا كار دەكەن.

لایەنێكی دیکەی ڕێنماییەکە پێوانەكردن و هەڵسەنگاندنی ژینگەییە لە شوێنی كاردا، تاكوو هیچ مەترسییەك لەسەر تەندروستیی كرێكاران دروست نەبێت و لە ئەگەری دروستبوونی گرفتی تەندروستییدا، مافەكانیان پارێزراو بێت.

دەقی ڕێنماییەکە

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...