هه‌واڵ

بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان لەناو ئافرەتانی کوردستاندا بەرزبووەتەوە

زێدپرێس

بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ماددە هۆشبەرەکان لە هەرێمی کوردستاندا، ڕێژەی ٨٠٪ی بەکارهێنەرانی ماددە هۆشبەرەکان لە تەمەنی ١٨ تا ٣٥ ساڵیدان، لەماوەی ئەمساڵیشدا، بەکارهێنەرانی ماددە هۆشبەرەکان لە ناو ئافرەتاندا، بەڕێژەی ١٠٪ بەرزبووەتەوە و ڕێژەی ئافرەتانی بەکارهێنەری ماددە هۆشبەرەکان ڕوو لە هەڵکشانە.

داتاکان ئەمڕۆ پێنجشەم ٣١ی ئابی ٢٠٢٣، لە میانەی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە هەولێر ڕاگەیەنران.

کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکە، تایبەت بوو بە ڕاگەیاندنی دواین چالاکییەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکە و دەستگیرکردنی ژمارەیەک بازرگان و دەستبەسەرداگرتنی بڕێکی زۆر لە ماددەی هۆشبەر لە شارەکانی هەولێر و دهۆک دا.

ئەرکان عومەر ئەفسەر لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان، بەناوی بەڕێوەبەرایەتییەکەوە بۆ میدیاکان دوا.

ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان، لە سێ چالاکی جیادا و دوای وەرگرتنی فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، لە شارەکانی هەولێر و دهۆک، لە ڕێککەوتی ٢٧ و ٢٨ و ٢٩ی ئابی ٢٠٢٣، بڕی ١٠١ کیلۆگرام حەبی هۆشبەر لە جۆری کەپتاگۆن و ٥.٥ کیلۆگرام مادەی هۆشبەر لە جۆری کریستاڵ و ٦٠٠ گرام ماددەی هۆشبەر لە جۆری هێرۆین و ٣٨٠ گرام ماددەی هۆشبەر لە جۆری تلیاک و ٥ ئامێری قومارکردن دەستیان بەسەردا گیراوە.

بەگوتەی ئەو، لەو چالاکییانەدا ٥ کەس دەستگیرکراون، بەتۆمەتی بازرگانی و تێوەگلان لە تاوانی بازرگانی و بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان و بەپێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە.

تۆمەتبارە دەستگیرکراوەکان، هاووڵاتی هەرێمی کوردستانن، دەیانویست ماددە هۆشبەرە دەستبەسەردا گیراوەکان، لەناوخۆی هەرێمی کوردستاندا ساخ بکرێنەوە.

قسەکەرەکەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان جەختی لەوە کردووە، چالاکییەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکەیان و دەزگاکانی ئاسایش لە کۆنتڕۆڵکردنی ماددە هۆشبەرەکان چ ئەگەر بەمەبەستی بەکارهێنان بێت لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان چ ئەگەر بەمەبەستی گواستنەوە بێت بۆ دەرەوەی هەرێمی کوردستان زیاتر و فرەوانتر بوون.

سەبارەت بە تێوەگلانی بەرپرسانی سیاسی لە بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان، ڕەتی کردەوە، کە تا ئێستا هیچ بەرپرسێکی سیاسی لە بازرگانییەکە تێوەگلابێت و زیاتر گوتی “ماددە هۆشبەرەکان لە وڵاتانی دراوسێ و بە هاوکاری خەڵکانێک دەهێنرێتە ناو خاکی هەرێمی کوردستانەوە”.

سەبارەت بەوەی هێزێکی سیاسی بەتایبەت لە سنوورەکانی ڕاپەڕین و سلێمانی لە پشت هێنانی ماددە هۆشبەرەکانەوە بێت، گوتی “ماددە هۆشبەرەکان لە سنوورەکانی هەرێمی کوردستانەوە دەهێنرێن، ئاسایی کەسانێک هاوکاریان دەکەن، بەڵام بەڕاستەوخۆیی ناتوانین پەنجەی بخەینە سەر و بڵێین فڵان لایەن تۆمەتبارە”.

ئەرکان عومەر ئەفسەر و قسەکەر بەناوی بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان، دووپاتی کردەوە، کە لە هەرێمی کوردستاندا هیچ تاقیگە و کێڵگەیەکی بەرهەمهێنانی ماددە هۆشبەرەکان بوونی نییە، لەکاتێکدا چەند ساڵێک لەمەوپێش حاڵەتێک هەبوو، کاتێک کێڵگەیەکی بەرهەمهێنانی ماددە هۆشبەرەکان دۆزرایەوە و تێکدرا و “ئێستا هیچ کێڵگەیەکی بەرهەمهێنان و تاقیگەیەکی دروستکردن و ئامادەکردنی ماددە هۆشبەرەکان بوونی نییە لە هەرێمی کوردستاندا”.

 

وێنەی ئەو بڕە ماددە هۆشبەرەی دەستی بەسەرداگیراوە:

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...