هه‌واڵ

ئەپیکور: هیچ ڕێککەوتنێک بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان نەکراوە

کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان لێدوانی بەرپرسانی حکوومەتی عێراق ڕەت دەکاتەوە کە باس لە ڕێککەوتن بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکەن.

 

کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) لە ڕاگەیەندراوێکی ڕۆژنامەوانیدا، کە ڕێککەوتی ٢ی ئاداری ٢٠٢٤ی لەسەرە، ئەو بانگەشانەی بەرپرسانی حکوومەتی عێراق ڕەتدەکاتەوە کە باس لە ڕێککەوتنێک دەکەن لەنێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لەڕێگەی بۆڕی عێراق-تورکیاوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا، کۆمپانیا ئەندامەکانی APIKUR پێشوازی لە کردنەوەی بۆڕی نەوتی عێراق-تورکیا دەکەن، بەڵام ئەوەش دەڵێن کە تا ئێستا تەنانەت هیچ پێشنیازێکیان لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراقەوە بەدەست نەگەیشتووە بەئاڕاستەی دەستکردنەوە بە هەناردەکردنەوەی نەوت.

کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا دەڵێ: “لەم دواییانەدا چەندین لێدوانی میدیایی بێبنەما لەلایەن بەرپرسانی باڵای حکوومەتی عێراقەوە بڵاوکراونەتەوە کە ڕێککەوتنێک کراوە بۆ ئەوەی کۆمپانیاکانی نێودەوڵەتی لە ڕێگەی ITPەوە هەناردەکردن دەستپێبکەنەوە. ئێمە لە پاڵنەرەکانی ئەو جۆرە لێدوانە بێبنەمایانە تێناگەین، بەڵام تێبینی بکەن، کە بەپێی زانیارییەکان عێراق یەک ملیار دۆلار لەدەست دەدات بۆ هەر مانگێک کە ITP بە داخراویی دەمێنێتەوە”.

ئەپیکۆر، هەروەها، ئاماژە بە کۆبوونەوەکانیان لە بەغدا لە ٧-٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤، لە نێوان نوێنەرانی حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێم و کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات، بەڵام وەک دەڵێ: “تا ئێستا، هیچ پێشڤەچوونێکی کۆنکرێتی بەرەو ئەو ئامانجە نەبووە کە پێشکەش بە ئەندامانی ئەپیکور کراوە”.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: “کۆمپانیاکانی ئەندامی APIKUR ئامادەن جارێکی دیکە لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق کۆببنەوە بۆ ئەوەی بە خێرایی کێشەکان بە قازانجی هەمووان چارەسەر بکەن”.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...