هه‌واڵ

سەرۆکوەزیرانی عێراق پەیامێکی لەبارەی خۆپیشاندانی کەرکووکەوە ڕاگەیاند

زێدپرێس

محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرمانی قەدەغەکردنی هاتوچۆی لە شاری کەرکووک دەرکرد و داواش دەکات گەڕان و پشکنین بکرێت و چەک تەنیا بە دەست هێزە ئەمنییەکانەوە بێت.

ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە ٢ی ئەیلوولی ٢٠٢٣، دوابەدوای خۆپیشاندانەکەی کەرکووک و دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان هێزە سەربازییەکان و خۆپیشاندەران، نووسینگەی ڕاگەیاندنی محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ڕێگەی تۆڕەکانی کۆمەڵایەتییەوە، بڕیار و پەیامی سەرۆکوەزیرانی عێراقی لەبارەی خۆپیشاندانەوە ڕاگەیاند.

بەگوێرەی ڕاگەیەنراوی نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیران، محەمەد شیاع سودانی فەرمانی کردووە، کە قەدەغەی تەواوەتی هاتوچۆ لە شاری کەرکووک ڕابگەیەنرێت و پاڵپشت بەو فەرمانەیش، پۆلیسی کەرکووک قەدەغەی هاتوچۆی بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر لە شاری کەرکووک ڕاگەیاندووە. بەمەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی دۆخی شارەکە و کۆتاییهێنان بە خۆپیشاندانەکە.

سودانی هەروەها، داوای لە هێزە ئەمنییەکان کردووە، دەست بە گەڕان و پشکنین بکرێت و چەک تەنیا بەدەست هێزە ئەمنییەکانەوە بێت لە شارەکەدا.

داوایشی لە لایەنەکان و کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکان کردووە، ڕۆڵی خۆیان بگێڕن لە هێورکردنەوەی دۆخی کەرکووک.

ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، ٢ی ئەیلوولی ٢٠٢٣، کۆمەڵێک لە کوردانی کەرکووک و بەتایبەت دانیشتووانی ڕەحیماوا، وەک ناڕەزایەتی بەرانبەر بە داخستنی ڕێگای کەرکووک-هەولێر، دەستیان بە خۆپیشاندان کرد، دواتر گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان خۆپیشاندەران و هێزەکانی سوپا و دەزگا ئەمنییەکان دروست بوو، هێزە ئەمنی و سەربازییەکان تەقەیان لە خۆپیشاندەران کرد و بەهۆیەوە گەنجێکی شارەکە بەناوی هاوکار عەبدوڵا شەهید و لانیکەم ١٠ خۆپیشاندەری دیکەیش بریندار بوون.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...