هه‌واڵ

پەیامێک لە مەسعوود بارزانییەوە

زێدپرێس

ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە ٢ی ئەیلوولی ٢٠٢٣، مەسعوود بارزانی پەیامێکی لەمەڕ دۆخی کەرکووک ڕاگەیاند و تیایدا بە سەرسوڕمانەوە باس لەوە دەکات، کە هێزە ئەمنییەکان و پۆلیسی کەرکووک، لە بەرانبەر گەنجان و خۆپیشاندەرانی کوردی کەرکووک زەبروزەنگ بەکاردێنن و کەچی چەندین ڕۆژە هیچ ڕێگرییەکیان لە گێرەشێوێنی و ڕەفتاری نایاسایی ئەو کەسانە نەکردووە، ڕێگای هەولێر-کەرکووکیان گرتووە.

 

دەقی پەیامەکە:

 

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

 

لەبارەی بارودۆخی كەركووكەوە ماوەی چەند ڕۆژێكە كۆمەڵێك ڕێگر و گێرەشێوێن بە بیانووی ڕێگریكردن لە كردنەوەی بارەگاكانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە شاری كەركووك، ڕێگەی هەولێر و كەركووكیان گرتووە و ڕێگە نادەن هاووڵاتیان ژیان و هاتووچۆی ئاسایی خۆیان بكەن و دۆخێكی زۆر نالەبار و پڕمەترسیان بۆ خەڵكی كەركووك دروست كردووە.

 

ئێمە هەمیشە ئەوەمان دووپات كردووەتەوە كە كەركووك دەبێ نموونەی پێكەوەژیان و برایەتی و تەبایی نێوان پێكهاتەكانی ئەو شارە بێت بەڵام ئەو ڕەفتارە نابەجێ و نایاساییانە، هەوڵدانە بۆ نانەوەی فیتنە و تێكدانی پێكەوەژیان. جێگەی سەرسوڕمانی زۆریشە كە لەو چەند ڕۆژەی ڕابردوودا هێزە ئەمنیەكان و پۆلیسی كەركووك بە هیچ شێوەیەك ڕێگریان لەو گێرەشێوێنی و ڕەفتارە نایاساییەی ڕێگرەكان نەكردووە، كەچی ئەمڕۆ لەبەرانبەر گەنجان و خۆپێشاندەرانی كوردی كەركووك زەبروزەنگ و توندوتیژی بەكارهاتووە و خوێنی گەنجی كورد ڕژاوە. ئەم جۆرە ڕەفتارە بە هیچ شێوەیەك قابیلی قبووڵ نیە و ئەنجامی زۆر خراپی لێ دەكەوێتەوە و، ڕشتنی خوێنی ڕۆڵەكانمان لە كەركووك باجی قورسی دەبێت.

 

لێرەدا داوا لە بەڕێز سەرۆكوەزیرانی عێراقی فیدڕاڵ دەكەم كە سنوورێك بۆ ئەو ڕێگر و گێرەشێوێنانە دابنێن و كۆتایی بەو ستەم و جیاكاری و ڕێگرییە بهێندرێت كە ڕاستەوخۆ پێكەوەژیان و سەقامگیریی كەركووك و ناوچەكانی تر دەكاتە ئامانج.

 

مسعود بارزانی

2ی ئەیلوولی 2023

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...