هه‌واڵ

چەند فێڵێکی کۆمپانیای خانووبەرەی حاجی سەلام ئاشکرا دەکرێن

زێدپرێس

 

بەڕێوەبەرایەتی گشتی باجەکان و خانووبەرەی میری سەر بە وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەند فێڵێکی کۆمپانیای حاجی سەلام ئاشکرا دەکات، کە یەکێک لە کۆمپانیا ناسراوەکانی بواری خانووبەرەیە لە شاری هەولێردا.

 

بەگوێرەی ڕاگەیەنراوێکی بەڕێوەبەرایەتییەکە، “هەندێک لە بازرگانان و هاووڵاتییان بەردەوامن لە سەر فێڵکردن لە دامودەزگاکانی باج لە هەرێمی کوردستان، بەڵکوو کار گەیشتووەتە ئەوەی کە فێڵکردن و ساختەکاری بووە بە پیشەی هەمیشەییان”.

 

زیاتر دەڵێ “پاساوهێنانەوە بۆ کاری نایاسایی و ناشەرعی لەلایەن هەندێک لە بازرگانەکان بووە بە دیاردەیەکی بەردەوام و بۆیە ناچارین و بە مافی خۆمان دەزانین هەندێک لەو کارە نایاساییانەی ئەم بەڕێزە (حاجی سەلام خۆشناو) بخەینەڕوو”.

 

ڕاگەیەنراوەکەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی باجەکان و خانووبەرەی میری، ڕوونکردنەوەیە لەسەر هەندێک لە لێدوانەکانی حاجی سەلام خۆشناو خاوەنی کۆمپانیایەکە لە بەرنامەیەکی میدیاییدا.

 

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەنراوەکەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی باجەکان و خانووبەرەی میریدا باس لەوە کراوە، کە لێژنەکانی پشکنین و بەدواداچوونی باجی خانووبەرە لە ساڵی ٢٠٢٢ دوای چاودێری و بەدواداچوونی چڕ بۆیان دەرکەوت، کە حاجی سەلام خۆشناو هەستاوە بە فێڵکردن و ساختەکاری لە مافی گشتی، لە کۆی بڕی ٢٦٠ ملیۆن دیناری باج کە دەبووایە بیدات بە گەنجینەی گشتی، تەنیا بڕێ ١٦٠ ملیۆن دیناری داوە، بۆیە ڕێکاری پێویست گیرایەبەر بۆ پاراستنی مافی گشتی.

 

ئەوەشی ئاشکرا کردووە، کە کۆمپانیای حاجی سەلام خۆشناو ژمێرەی کۆتایی بۆ ساڵەکانی (٢٠٢٩، ٢٠٢٠، ٢٠٢١) بە قازانجی کەم پێشکەش بە فەرمانگەی باج کردووە، ئەمە لەکاتێکدایە کە ئەو کۆمپانیایەکە یەکێکە لە کۆمپانیا هەرە دیار و بەرچاوەکانی شاری هەولێر لە بواری خانووبەرە و زیاتر لە ٣٤ لقی هەیە لەناو شاری هەولێر و کۆمپانیا هاوشێوەکانی خانووبەرە کە چالاکیان زۆر کەمترە لە کۆمپانیای ناوبراو، بەڵام بەشێوەیەکی زۆر باجیان داوە بە گەنجینەی دەوڵەت.

 

“کۆمپانیای خانووبەرەی حاجی سەلام خۆشناو تەنیا بڕی ٦٨ ملیۆن دینار باجی داوە بۆ ساڵانی ٢٠١٩، ٢٠٢٠ و ٢٠٢١، بەڵام کۆمپانیای خانووبەرەی باغی شەقڵاوە، کە خاوەنداریەتی بۆ براکەی حاجی سەلام خۆشناو دەگەڕێتەوە، بڕی ٢٥١ ملیۆن دینار باجی داوە بە گەنجینەی گشتی، لەگەڵ ئەوەی چالاکی و ژمارەی لقەکانی کەمترە لە کۆمپانیای حاجی سەلام خۆشناو. بۆیە پڕۆسەی چاودێری و بەدواداچوونی ورد گیراوەتەبەر بۆ پاراستنی مافی گشتی”، وەک لە ڕاگەیەنراوی بەڕێوەبەرایەتی گشتی باجەکان و خانووبەرەی میریدا هاتووە.

 

بەڕێوەبەرایەتی گشتی باجەکان و خانووبەرەی میری تێبینی لێدوانێکی خاوەنی کۆمپانیاکەی کردووە، کە گوتوویەتی زیاتر لە ١٠٠ کارمەندی هەیە، بەڵام وەک دەڵێ “لەوەشیان فێڵی کردووە، کە ژمارەی ئەو کارمەندانەی پێشکەشی فەرمانگەی باجی کردووە، تەنیا ٣٠ کارمەندە”.

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...