هه‌واڵ

زانكۆلاین بۆ ٨ ڕۆژ کارا دەکرێت

زێدپرێس

 

پڕۆسه‌ی پێشکەشکردن بۆ وه‌رگرتنی ده‌رچووانی دوانزه‌ی ئاماده‌یی له‌ زانكۆكانی هەرێمی كوردستان دەستپێدەکات و سبەی سێشەم ڕێککەوتى ٥ی ئەیلولی ٢٠٢٣ کاتژمێر ٨ى بەیانى، زانكۆلاین بۆ ماوەى ٨ ڕۆژ بۆ دەرچووانى دوانزەى ئامادەیى کارا دەکرێت.

 

لە ڕاگەیەندراوێکدا وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند، لە ڕۆژی سێشەم ڕێککەوتى ٥ی ئەیلولی ٢٠٢٣ وێبسایتی (www.regayzanko.com) بۆ دەرچووانی دوانزەی ئامادەیی (زانستی، وێژەیی، پیشەیی)، تا ڕۆژى ١٢ی ئەیلولی ٢٠٢٣، واتە بۆ ماوەى ٨ ڕۆژ کارا دەبێت، به‌وه‌ش ده‌رچووان لەو ماوەیەدا ده‌توانن فۆڕمی وه‌رگرتن له‌ زانكۆ و په‌یمانگه‌كان پڕبكه‌نه‌وە و پێشكه‌شی بكه‌ن، هه‌روه‌ك ده‌رچووان ده‌بێت سەردانی خوێندنگەکانی خۆیان بکەن بە مەبەستی وەرگرتنەوەی ناوى بەکارهێنەر و وشەى تێپەڕ (Username) و (Password).

 

بۆ به‌رچاوڕوونی زیاترى ده‌رچووانی پۆلی دوانزه‌ و ئاشنابوونیان به‌ سیستمه‌كانی وه‌رگرتن (زانكۆلاین، پارالێل، ئێواران) دەتوانن سەردانی وێبسایتى (www.regayzanko.com)  بکەن و ڕێبەرى وەرگرتن بە وردى بخوێننەوە، وەک بنچینەیەک بۆ پڕکردنەوەى فۆڕمەکانیان، هەروەها دەتوانن سەردانى مەڵبەندەکانى ڕاوێژکارى زانکۆکان بکەن بۆ وەرگرتنى ڕوونكردنه‌وه‌ی پێویست له‌سه‌ر چۆنیه‌تیی پڕكردنه‌وه‌ی فۆڕمی وه‌رگرتن به ‌سیستمه‌ جیاوازه‌كانیەوە.

 

وەک لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، ئه‌مه‌ش ده‌ره‌فه‌تێكی گرنگه‌ بۆ ئه‌وه‌ی دەرچووان به‌ر له‌وه‌ی فۆرمی وه‌رگرتن پێشكه‌ش بكه‌ن، ئاگاداری ورده‌كارییه‌كانی سیستمه‌كه‌ بن و هەوڵ بدەن خودى خۆیان فۆڕمەکان پڕبکەنەوە و ڕوو لەو سەنتەرانە نەکەن، کە فەرمى نین و تەنیا بۆ دەستکەوتنى بڕێک پارە فۆرم بۆ دەرچووان پڕ دەکەنەوە، چونکە وەزارەت بەرپرس نابێت لەهەر هەڵەیەک لەکاتى پڕکردنەوەى فۆڕمەکانیان.

 

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕاشیدەگەیەنێت، وەرگرتن لە زانکۆکان بەپێی ڕیزبەندی ئەو کۆلێژ و بەشانە دەبێت، کە دەرچووان لە زانکۆلاین پێشکەشی دەکەن بە ڕەچاوکردنی کۆنمرەی خوێندکار/ قوتابى، بۆیە پێویستە بە وردی ڕیزبەندیی ئەو کۆلێژ و بەشانە دیاری بکەن کە ئارەزوو دەکەن خوێندنی تێدا تەواو بکەن، هەروەها پێویستیشە دەرچووانى پۆلى دوانزە لەگەڵ کاراکردنی زانکۆلاین دەست بکەن بە پێشکەشکردن و کارەکانیان دوا نەخەن بۆ کۆتا ڕۆژەکانی زانکۆلاین.

 

سەبارەت بە دەرچووانی ئامادەیى خوێندنگە نێودەوڵەتییەکان، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئاشکرای دەکات: دواى دوو ڕۆژى دی سیستمى زانکۆلاین بۆ دەرچووانى خوێندنگە نێودەوڵەتییەکان کارا دەبێت.

 

هاوکات وەزارەتى خوێندنى باڵا ڕایدەگەیەنێت دەرچووانى ساڵانى (2015) تا (2022) ئەگەر نیازی فۆڕم پێشکەشکردنیان هەیە بۆ سیستەمەکانی خوێندنی پارالێل و ئێواران ئەوا بە هەمان ئەو پاسۆرد و یوزەرنەیمانەى کە پێشتر وەریانگرتووە دەتوانن فۆڕم پێشکەش بکەن، ئەگەر هەر دەرچوویەکیش یوزەرنەیم و پاسوۆردی لەلا نەماوە ئەوا دەتوانێت سەردانی خوێندنگەکەی خۆی بکات بەمەبەستی دووبارە وەرگرتنەوەی.

 

سەبارەت بە دەرچووانی پێش ساڵی ٢٠١٥ ئەگەر نیازی فۆڕم پێشکەشکردنیان هەیە بۆ خوێندنی ئێواران، پێویستە بڕوانامەکانیان بە پەسەندکراوی لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی پارێزگاکانییان بنێرن بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئەزموونەکان لە وەزارەتی پەروەردە و هەر لەوێش یوزەرنەیم و پاسوۆردیان پێ دەدرێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...