هه‌واڵ

گەرمترین سێ مانگی زەوی لە مێژوودا تۆمار کرا

زێدپرێس-شکۆ شێرکۆ

 

بەگوێرەی ڕێکخراوی کەشناسیی جیهانی و ناوەندی ئەورووپی بۆ پێشبینییە مەودا ناوەندەکانی کەشوهەوا، گەرمترین سێ مانگ لە مێژووی زەویدا تۆمار کرا؛ بەپێی خزمەتگوزاری کۆپەرنیکەس بۆ گۆڕانی کەشوهەوا (C3S)، کە لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پاڵپشتی دەکرێت و لە ڕێی ناوەندی ئەورووپی بۆ پێشبینییە مەودا ناوەندەکانی کەشوهەوا (ECMWF) جێبەجێ دەکرێت. پلەی گەرمی ڕووی دەریاکان لە بەرزترین ئاستدایە بۆ سێ مانگی یەک لەدوای یەک، هەروەها پانتایییە سەهۆڵییەکەی دەریای ئەنتارکتیکیش لە نزمترین ئاستیدایە لە مێژوودا لەم کاتەی ساڵ.

 

ڕێکخراوەکە دوێنێ چوارشەم ٦ی ئەیلوولی ٢٠٢٣ ڕایگەیاند، مانگی ئابی ڕابردوو، گەرمترین مانگی ئاب بووە لە مێژوودا، بە جیاوازییێکی گەورە لەگەڵ ئەوانەی پێشووتر، هەروەها گەرمترین مانگیش بووە لەدوای مانگی تەمووزی ٢٠٢٣، ئەوە بەگوێرەی زانیارییەکانی ئی ئاڕ ئەی پێنجی (ERA 5) خزمەتگوزاری کۆپەرنیکەس بۆ کەشوهەوا. وا دەخەمڵێنرێت، مانگی ئابی ڕابردوو بەگشتی، نزیکەی ١.٥ پلەی سیلیزی گەرمتر بووبێت لە پلەی گەرمی گشتی پێش-پیشەسازی، ساڵانی ١٨٥٠-١٩٠٠، بەگوێرەی ڕاگەیەنراوی مانگانەی C3S بۆ کەشوهەوا.

 

ئەمساڵ تاوەکوو ئێستا، لە کانوونی دووەمەوە تا ئاب، دووەم گەرمترین ساڵی تۆمارکراوە لەدوای ساڵی ٢٠١٦، کاتێک چالاکییێکی گەرمیهێنەری بەهێزی ئەل نینۆ (El Niño) ڕوویدا.

 

مانگی ئاب بە گشتی، بەرزترین بەرزی پلەی گەرمی ڕووی دەریاکانی لە مێژوودا بەخۆیەوە بینیوە، بە پلەی ٢٠.٩٨ پلەی سیلیزی. پلەی گەرمی ڕووی دەریاکان لە هەموو ڕۆژەکانی ئاب زیاتر بووە لە ڕێکۆردەکەی پێشوو، کە مانگی ئاداری ٢٠١٦یە.

 

پانتایییە سەهۆڵییەکەی دەریای ئەنتارکتیکی لە نزمترین ئاستی بۆ ئەم کاتەی ساڵ مایەوە، بە ڕێژەی ١٢٪ کەمتر لە ئاستی گشتی، کە تاوەکوو ئێستا گەورەترین ڕووداوی نەرێنیی نائاساییە لەوەتەی چاودێری مانگە دەستکردەکان لە کۆتایییەکانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو دەستی پێ کردووە. پانتاییە سەهۆڵییەکەی دەریای ئەنتارکتیکی ١٠٪ لە خوار ئاستی گشتی بوو، بەڵام هێشتا زۆر زیاترە لە ڕیکۆردی نزمترین ڕێژەی دیاریکراو، کە لە ساڵی ٢٠١٢ بووە.

 

ڕێکخراوی کەشناسیی جیهانی سوود لە داتاکانی C3S و پێنج سەرچاوەی زانیاریی جیهانی دیکە دەبینێت، بۆ چالاکییەکانی تایبەت بە چاودێری کەشوهەوا، لەگەڵ ڕاپۆرتەکانی لەسەر بارودۆخی کەشوهەوا.

 

ڕاپۆرتێکی ئایاری ڕێکخراوەکە و ئۆفیسی کەشناسی بەریتانیا پێشبینی کردبوو، کە ئەگەری ٩٨٪ هەیە ساڵێک لە پێنج ساڵی داهاتوو ببێتە گەرمترین ساڵ لە مێژوو، هەروەها ئەگەری ٦٦٪ بۆ تێپەڕاندنی ١.٥ پلە سیلیزییە دیاریکراوەکە بۆ، بەلانی کەم، ساڵێک هەیە. ئەوە مانای ئەوە نییە بۆ هەمیشە ١.٥ پلە دیاریکراوەکەی گرێبەستی پاریس تێپەڕێنرێت، کە ئاماژە بۆ گەرمبوونێکی چەندین ساڵە دەکات.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...