هه‌واڵ

سلێمانی؛ شەش حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە ڕوویدا و سەدان دۆنم دارستان سووتاون

زێدپرێس

 

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی، شەش حاڵەتی ئاگرکەوتنەوەی لە پارێزگاکە ڕاگەیاند، کە بەهۆیەوە سەدان دۆنم پاوان و دارستانی سروشتی سووتاون و ئاشکرایشی دەکات، ئاگرکەوتنەوەکەی چیای ئەزمەڕ بەهۆی فڕێدان و جێهێشتنی پشکۆی نێرگەلەی چەند کەسێکەوە بووە.

 

ئاگرکەوتنەوە لە دوکان

ئەمڕۆ یەکشەم ١٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٣ پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند، لە گوندی تۆپزاوای سەر بە شارۆچکەی دوکان، ئاگرێک کەوتووەتەوە و کارمەندانی پۆلیسی دارستانی دوکان بەماوەی شەش کاتژمێر توانیویانە کۆنتڕۆڵی بکەن، بەهۆی سەختی شوێنەکە و چڕی دارستان و بەهێزی ئاگرەکە و دووکەڵێکی زۆری خنکێنەر کە کاری کوژاندنەوە و کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکەی قورس کردووە.

خەڵکی سنورەکە هاوکاری پۆلیس بوون لە کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە، کە بووە هۆی سوتانی نزیکەی ١٥ دۆنم پوش و پاوان و زیان پێ گەیاندن و هەڵپڕۆکاندنی دارستانی سروشتی لەجۆری بەڕوو کە ژمارەیان نزیکەی ٥٠٠ دار دەبێت و داری دەستچێن لەجۆری سنۆبەر کە ژمارەیان نزیکەی ٢٠٠ دار دەبێت، لەگەڵ سووتان و زیانگەیشتن بە شەش باخی هاووڵاتیان.

 

ئاگرکەوتنەوە لە گەرمک

پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی، ڕایگەیاندووە، بە هۆکارێکی نادیار ئاگرێك لە سنوری گوندەکانی (سەرسوراو، میراوا، برالە و سەربرالە)ی سەر بە شارەدێی گەرمک کەوتووەتەوە. کارمەندانی بنکەی پۆلیسی دارستانی گەرمك و ئاگرکوژێنەوەی پێنجوێن و دانیشتوانی گوندەکان ئاگرەکەیان کۆنتڕۆڵ کردووە، کە بەهۆیەوە نزیکەی ١٥٠ دۆنم پاوان و دارستان سووتاون.

 

ئاگرکەوتنەوە لە گوندی بەلەکاوی

بەگوێرەی پۆلیسی دارستان، ڕووداوێکی دیکەی ئاگرکەوتنەوە لە سنوری گوندی بەلەکاری سەر بە گەرمک ڕوویداوە و بەهۆیەوە نزیکەی ٧٠ دۆنم پاوان و دارستان سووتاون. تا کارمەندانی بنکەی پۆلیسی دارستانی گەرمك بە هاوکاری خەڵکی سنورەکە ئاگرەکەیان کۆنتڕۆڵ کردووە.

 

ئاگرکەوتنەوە لە گوندی گۆڵێ

ڕووداوێکی دیکەی ئاگرکەوتنەوە، هەر لە سنوری شارەدێی گەرمک و لە گوندی گۆڵێ ڕوویدا. ئاگرەکە دوێنێ ٩ی ئەیلوول لە سەیرانگای گۆڵێ دروست بوو.

کارمەندانی بنکەیی پۆلیسی دارستانی گەرمك بە هاوکاری ئاگرکوژێنەوەی پێنجوێن و دانیشتووانی گوندەکانی (گۆڵێ، شەپاڵ و پاش بەرد) توانیان ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکەن.

 

ئاگرکەوتنەوە لە سیتەك

هەر بەپێی پۆلیسی دارستان، دوێنێ ٩ی ئەیلوول بە هۆکارێکی نادیار،  ئاگرێك لە سنوری گوندی (شارستێنە) کەوتەوە، کارمەندانی بنکەی پۆلیسی دارستانی سیتەك گەیشتنە شوێنی دیاریکراو و بە هاوکاری ئاگرکوژێنەوەی سیتەك و هاووڵاتیان توانیان ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکەن.

بەهۆی ئاگرەکەوە نزیکەی ١٠٠ دۆنم پوش و پاوان و چەندین داری سروشتی سووتان.

 

ئاگرکەوتنەوە لە چیای ئەزمەڕ

پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی، هەر ئەمڕۆ یەکشەم ڕایگەیاندووە، چەند ڕۆژێک پێشتر ئاگرێک لە چیای ئەزمەڕ کەوتووەتەوە، کە کارمەندانی بنکەی پۆلیسی دارستانی سیتەك بە هاوکاری ئاگرکوژێنەوەی سیتەك و هاووڵاتیان بەزەحمەتێکى زۆر کۆنتڕۆڵیان کردووە، بەڵام بەهۆیەوە نزیکەی ٢٠ دۆنم پوش و پاوان و سەدان داری سروشتی لەناوچوون.

پۆلیسی دارستان هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکەی بۆ نابەرپرسیارێتی و کەمتەرخەمی چەند کەسێک گێڕاوەتەوە، کە ئاگرکەوتنەوەکە بەهۆی جێهێشتنی خەڵوز و پشکۆی نێرگەلەی ئەو چەند کەسە دروستبووە، کە پاش جێهێشتنی شوێنەکە، بە نەکوژاوەیی جێیانهێشتووە و بەو جۆرەیش ئاگرەکە تەشەنەی کردووە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...