هه‌واڵ

پێبژاردن و سزای سەرپێچی هاتووچۆ بۆ دوو بەرانبەر زیاد کرا

زێدپرێس

 

بەگوێرەی فەرمانی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەگەر لەماوەی یەک مانگدا شوفێری سەرپێچیکار بڕی سزای پێبژاردن نەدات، سزای پێبژاردنەکە بۆ دوو هێندە بەرز دەکرێتەوە.

بەگوێرەی فەرمانێکی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە ژمارە ٢٥٥٨٢ی ڕێککەوتی ١٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٣، کە ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ ئیمزای لەسەر کردووە، لە ئێستاوە تا شەش مانگی دیکە (ڕێککەوتی ٨ی ئابی ٢٠٢٣ تا ٢٨ی شوباتی ٢٠٢٤) هەر شوفێرێک قەرزەکانی سزای هاتوچۆ بدات، بەڕێژەی ٢٠٪ لێخۆشبوونی بۆ دەکرێت، بەڵام لە دوای ئەو ڕێککەوتەوە، هەر کەسێک سزای پێبژاردنەکەی لەماوەی ٣٠ ڕۆژدا نەدات، بەپێی بەشی ٢٠ لە یاسای هاتوچۆ مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، بەوەش هەر سزایەکی هاتوچۆ کە وەک پێبژاردنی دارایی دەخرێتە ئەستۆی شوفێری سەرپێچیکارەوە، بۆ دوو هێندەی بڕەکەی زیاد دەکرێت.

یاسای هاتوچۆ لە هەرێمی کوردستان بە ژمارە ٨٦ی ساڵی ٢٠٠٢٤ لە پەرلەمانی کوردستان پەسندکراوە.

بەگوێرەی بەشی ٢٠ لە یاساکەدا، کە لە کۆمەڵێک بڕگەی تایبەت بە سزای هاتوچۆ و پێبژاردن پێکهاتووە، هەر پێبژاردنێک دەبێت لەماوەی تەنیا ٣٠ ڕۆژی دوای ڕێککەوتی سەرپێچییەکە بدرێت، ئەوەش بەگوێرەی بڕگەی یەکەم لە بەشی ٢٠ی یاساکە، هەروەها بەگوێرەی بڕگەی سێیەم لە هەمان بەشی یاساکەدا، ئەگەر سەرپێچیکارەکە لەماوەی دیاریکراودا، کە یەک مانگە، پێبژاردنەکە نەدات، بڕی پێبژاردنەکەی دوو بەرانبەر دەکرێت.

بەو پێیەش، ئەگەر بەنموونە سەرپێچییەکی هاتوچۆ بە بڕی ٦٠ هەزار دینار پێبژاردنی بۆ بکرێت و لەماوەی تەنیا یەک مانگدا پێبژاردنەکە نەدرێت، ١٢٠ هەزار دینار بەسەر شوفێری سەرپێچیکاردا دەسەپێنرێت.

هەرچەند، ئێستا بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆ دوو بەرانبەرکردنی سزای پێبژاردن و سەرپێچی هاتوچۆ دەسەپێنرێت، بەڵام لە بنەڕەتدا ئەو دوو بەرانبەرکردنە، پێشتر و لە ساڵی ٢٠٠٤ەوە بە یاسایەکی تایبەت لە پەرلەمانی کوردستان پەسندکراوە، لەکاتێکدا وەک دەردەکەوێت تا ئێستا وەزارەتی ناوخۆ ناوەڕۆکی یاساکەی وەک خۆی بەسەر سەرپێچیکاراندا جێبەجێ نەکردووە.

هێشتا پێناچێت جێبەجێکردنی بڕیارەکەی وەزارەتی ناوخۆ و ناوەڕۆکی یاسای هاتوچۆ لە هەرێمی کوردستاندا ئاسان و بەبێ ئاستەنگ بێت، بەتایبەت لەحاڵەتی ئەو سزایانەی لەلایەن کامێراکانی هاتوچۆوە دەسەپێنرێن یان هەر سزایەکی دیکە کە ڕاستەوخۆ شوفێری سەرپێچیکار تێیدا ئاگادار ناکرێتەوە و بەو جۆرەیش شوفێر دەشێت تا ماوەیەکی زۆر هەر لە هەبوونی سزاکە بەئاگا نەیەتەوە، لەکاتێکدا یاساکە تەنیا ٣٠ ڕۆژی دیاریکردووە بۆ پێدانی پێبژاردنەکە و بە پێچەوانەوە دووبەرانبەر دەبێت.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...