هه‌واڵ

شەپۆلێکی دیکەی باران هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە

پێشبینی دەکرێت لە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینییەوە شەپۆلێکی دیکەی باران بارین ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان بگرێتەوە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئەمڕۆ هەینی ١٦ی شوباتی ٢٠٢٤، بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان پێشبینییەکانی بۆ کەشوهەوای ٤٨ کاتژمێری داهاتوو ڕاگەیاند.

بەگوێرەی بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی، ئەمڕۆ هەینی، ئاسمان هەوری تەواو دەبێت و لە دوانیوەڕۆیشەوە شەپۆلێکی دیکەی باران بارین ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەکات. سەرەتا باران بارین لە باکووری ڕۆژئاوای هەرێم دەست پێدەکات و پاشان تەواوی ناوچەکانی دیکە دەگرێتەوە.

کەشناسی دەڵێ، بارانەکە بەشێوەی مامناوەند دەبارێت، هەندێک کات لێزمە باران و هەورە تریشقەشی لەگەڵ دەبێت. لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، کە ئەو ناوچانەی ئەمڕۆ پێشبینی دەکرێت لە بەشێکی ڕۆژهەڵاتی پارێزگای هەولێر وەک (کۆیە و تەق تەق و هیران) و بەشێک لە سنووری ئیدارەی گەرمیان و پارێزگای کەرکووک، ئاستی دابارین زیاتر بێت بەراورد بە ناوچەکانی دیکە.

هەر بەگوێرەی پێشبینییەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی، سبەی شەممە، ١٧ی شوباتی ٢٠٢٤، ئاسمان بە گشتی هەوری تەواو دەبێت و نمە باران و بارانی مامناوەند لە زۆربەی ناوچەکان دەبارێت؛ هەروەها لە هەندێک کات هەورە تریشقەی لەگەڵ دەبێت، پێشبینی دەکرێت لە کاتەکانی شەودا لە ناوچە شاخاوییە سنووری و بەرزاییەکاندا بەفربارینێکی کەم هەبێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...