هه‌واڵ

ژمارەیەک کەسایەتی داوای هەڵوێست دژبە هەڕەشەکانی ئێران دەکەن

زێدپرێس

 

ژمارەیەک کەسایەتی سیاسی، پێشمەرگە، چالاکی مەدەنی، نووسەر و هونەرمەند لە هەرێمی کوردستانەوە، لە یاداشتنامەیەکدا، هۆشداری لە هەڕەشەکانی ئێران دەدەن لەسەر حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بە پێداگیرییەوە دەڵێن، هەڕەشە و مەترسییەکان ڕووبەڕووی خەڵکی باشووری کوردستان دەبنەوە.

ئەمڕۆ دووشەم ١١ی ئەیلوولی ٢٠٢٣، ژمارەیەک کەسایەتی سیاسی، پێشمەرگە، چالاکی مەدەنی، نووسەر و هونەرمەند لە هەرێمی کوردستان، لە یاداشتنامەیەکدا بۆ ڕای گشتی، ئاماژە بە هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەسەر بنکە و بارەگاکانی حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە باشور دەدەن و ڕایانگەیاندووە، ئەو هەڕەشانە، لەکاتێکدا دێن، کە هێزە شۆڕشگێڕەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئێستا لە دۆخی ئارامگرتنی سیاسیی و سەربازی خۆیاندان و ڕێزی پەیوەندییە دیپلۆماسی و ئابوورییەکانی قەوارەی هەرێمیان گرتووە، سەرەڕای ئەوەش ئێرانی ئیسلامی، گەرەکیەتی لە مێخەوە هەڵیانبڕێت و بارەگاکانیان پێ هەڵبگرێتەوە.

ئەوان داوا لە هەردوو حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکەن، بەرپرسیارانە مامەڵە بکەن و نەچنە ژێرباری هیچ فشارێکی دەرەکی، لە هەمانکاتدا ئەوەندەی  لەتوانادا هەبێت، بە ڕێگای دیپلۆماسی پێش بەو هەوڵە بگیرێت، کە “یەقینمان هەیە ماڵوێرانیی گەورەی لەدوایە”.

لە بەشێکی دیکەی یاداشتنامەکەشدا، داوای هەڵوێست لە خەڵکی باشوری کوردستان دەکەن و دووپاتی دەکەنەوە، “ئەگەر هەلومەرجەکانیش خراپتر هاتنەپێش، لەسەر هەموومان پێویستە بەپێی کاریگەریی دۆخەکە هەڵوێستی توندتر وەربگرین”.

 

 

دەقی یاداشتنامەکە:

 

هاووڵاتییانی بەهەڵوێستی باشووری کوردستان

خەڵکانی نیشتمانپەروەری ئازادیخواز

 

وەک ئەوەی زانراوە و ماوەیەکە بووە بە ڕۆژەڤی سیاسیی ئەمڕۆ، کە دەوڵەتی ئێران بەنیازە هێرشی زەمینی و ئاسمانی بکاتە سەر چەند خاڵێکی دیاریکراوی باشووری کوردستان، ئەمەش بە بیانووی بوونی هێزە شۆڕشگێڕەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە ئێستا لە دۆخی ئارامگرتنی سیاسیی و سەربازی خۆیاندان و ڕێزی پەیوەندییە دیپلۆماسی و ئابوورییەکانی قەوارەی هەرێمیان گرتووە، سەرەڕای ئەوەش ئێرانی ئیسلامی، گەرەکیەتی لە مێخەوە هەڵیانبڕێت و بارەگاکانیان پێ هەڵبگرێتەوە.

بێگومان لە ئەگەری ڕوودانی هێرشێکی لەو شێوەیە، کە ئێمە پێمان وایە لێکەوتەکانی گەورە و کاریگەر دەبن و دەبێتە بەهانە بەدەست زلهێزەکانەوە کە دەستوەردان بکەن و  ڕاستەوخۆ کاردانەوەیان هەبێت، لە وەها حاڵێکیشدا ئەوەی دەبێتە دەستەچیلەی ئاگری شەڕ، تەنیا و تەنیا هاووڵاتییانی بێدەرەتان و خەڵکی بەشمەینەتی باشوورە.

ئەمە لەکاتێکدا کە بەهۆی هێرشە بەردەوامەکانی تورکیا و تێکچوونی پەیوەندییەکانی حکوومەتی هەرێم و دەسەڵاتی سیاسیی عێراق و قەیرانی دارایی و بێمووچەییەوە، گوزەرانی خەڵک لەوپەڕی خراپی و زەیقەتیی ئابووریدایە، بێگومان ئەم هەڕەشە و هێرشە سەربازییانەش دەبنە قورساییەکی دیکە بۆسەر باری گرانی سەرشانی هاووڵاتییانی باشوور. نابێ ئەوەشمان لەبیربچێت کە دانیشتووانی ئەو کەمپانە لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەکاندا وەکوو پەنابەر مافی پاراستنی ئاسایش و دابینکردنی ژیانێکی شایستەی مرۆییان هەیە.

لەو سۆنگەیەوە داوا لە حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین، کە بەرپرسیارانە مامەڵە بکەن و نەچنە ژێرباری هیچ فشارێکی دەرەکی، لە هەمانکاتدا ئەوەندەی  لەتوانادا هەبێت، بە ڕێگای دیپلۆماسی پێش بەو هەوڵە بگیرێت، کە یەقینمان هەیە ماڵوێرانیی گەورەی لەدوایە، هەروەک بە ئەرکی هەر هاونیشتمانییەکی دڵسۆزی دەزانین کە ئێستا بە نووسین و قسە هەڵوێست وەربگرن، ئەگەر هەلومەرجەکانیش خراپتر هاتنەپێش، لەسەر هەموومان پێویستە بەپێی کاریگەریی دۆخەکە هەڵوێستی توندتر وەربگرین.

بە ئیمزای کۆمەڵێک کەسایەتی

١٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٣

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...