هه‌واڵ

نێچیرڤان بارزانی: ڕێگە نادەین هیچ هەڕەشەیەک لە هەرێمەوە بۆ سەر ئێران دروست ببێت

زێدپرێس

 

نێچيرڤان بارزانى سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، هه‌رێمى كوردستان پابه‌ندى ڕێككه‌وتنى ئه‌منيى نێوان عێراق و ئێرانه‌ و دڵنيايیش دەدات، كه‌ هه‌رگيز ڕێگه‌ ناده‌ن هيچ هه‌ڕه‌شه‌يه‌كى ئه‌منى له‌ هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ بۆ سه‌ر كۆمارى ئيسلاميى ئێران دروست ببێت.

ئەمڕۆ دووشەم ١١ی ئەیلوولی ٢٠٢٣، نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ محه‌مه‌د كازم ئال سادق باڵيۆزى كۆمارى ئيسلاميى ئێران له‌ عێراق و شاندێكى ياوه‌رى كرد.

بەپێی ڕاگەیەنراوی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، له‌ كۆبوونه‌وه‌‌یاندا بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى ئێران له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، ڕێككه‌وتنى ئه‌منيى نێوان عێراق و ئێران، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و گفتوگۆى چاره‌سه‌ركردنيان، تاوتوێ كران.

لەو دیدارەدا، نێچيرڤان بارزانى باسى له‌ بايه‌خى په‌يوه‌ندييه‌كان له‌گه‌ڵ كۆمارى ئيسلاميى ئێران وه‌ك دراوسێيه‌كى گرنگى هه‌رێمى كوردستان كردووە و جه‌ختى له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ “هه‌رێمى كوردستان پابه‌ندى ڕێككه‌وتنى ئه‌منيى نێوان عێراق و ئێرانه‌، هه‌روه‌ها دڵنيايى دا كه‌ هه‌رگيز ڕێگه‌ ناده‌ن هيچ هه‌ڕه‌شه‌يه‌كى ئه‌منى له‌ هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ بۆ سه‌ر كۆمارى ئيسلاميى ئێران دروست ببێت”.

هەر بەپێی ڕاگەیەنراوی سەرۆکایەتی هەرێم، باڵيۆزى كۆمارى ئيسلاميى ئێران له‌ عێراق، جه‌ختى له‌ بايه‌خ و گرنگيى په‌يوه‌ندييه‌كانى وڵاته‌كه‌ى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان کردووەتەوە و سوپاس و پێزانينى پێشكه‌ش به‌ سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان كردووە، بۆ يارمه‌تى و ئاسانكارييه‌كانى له‌ گواستنه‌وه‌ى زياره‌تكارانى ئێرانى له‌ يادى عاشوورا و چلەی ماتەمینی ئیمام حوسێن دا.

لەکۆتایی ڕاگەیەنراوەکەشدا هاتووە، کە تاوتوێكردنى دۆخى ناوچه‌كه‌ به‌گشى و چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...