هه‌واڵ

لیوا ئەیوب یوسف سەعید: پەتی ئارامیمان بەرەو پچڕان دەچێت

زێدپرێس

 

لیوا ئەیوب یوسف سەعید لێپرسراوی دەستەی سەرپەرشتیاری لیوای ٣ و ٧ی تایبەت لەبارەی قەیرانەکانی هەرێمی کوردستان و خراپی گوزەرانی هاووڵاتیان، ڕوو لە حکوومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، “جامەکەمان خەریکە پڕ دەبێت، ئیتر ڕێگا نادەین لە پێناو بەرژەوەندی خۆتان و تاکەکەس و لایەنێکدا دەستکەوتەکانمان وێران بکەن”.

 

لیوا ئەیوب یوسف سەعید لێپرسراوی دەستەی سەرپەرشتیاری لیوای ٣ و ٧ی تایبەت، لە نامەیەکی کراوەدا، کە ئاڕاستەی هەریەک لە سەرۆکوەزیران و جێگرەکەی لە حکوومەتی هەرێم کردووە، بەتوندی ڕەخنە لە ئەدای حوکمڕانی و تێکەڵکردنی ململانێ و ناکۆکییە حزبی و کەسییەکان بە کاروباری حکوومەت دەگرێت و ڕایگەیاندووە، کە هەرێمی کوردستان بەرەو وێرانبوون دەچێت و خەریکە حوکمڕانییەکەیشی وەک خراپترین نموونەی سەر ئاستی جیهان دەردەکەوێت.

لیوا ئەیوب یوسف، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، کە “جامەکەمان خەریکە پڕ دەبێت، ئیتر ڕێگا نادەین لە پێناو بەرژەوەندی خۆتان و تاکەکەس و لایەنێکدا دەستکەوتەکانمان وێران بکەن”.

 

دەقی نامە کراوەکەی لیوا ئەیوب یوسف:

 

بەڕێزان سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی حکوومەت

بارودۆخی خراپ و ناهەمواری کوردستان و دۆخی هاووڵاتیان و فەرمانبەران و کاسبکاران ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو خراپی دەڕوات، دوو لایەنی و یەک نەگرتوویی کورد و حزبایەتی هەموو ئینتیمایەکی لەناوبردووە، کوردستانمان لە دۆخێکی پڕ تەنگژە و قەیراندایە لە هەموو ڕوویەکەوە، کە بەرەو کاول بوون دەچێ، ئەوەی زیاتر لە پەنجا ساڵە هەوڵی بۆ دەدەین و خوێنمان بۆ ڕشتووە بە ساتێک لەدەستمان دەچێ، بە جۆرێک کە سەدان ساڵیتر بۆمان چاک ناکرێتەوە، خەریکە دەبینە نمونەیەکی ناشیرینی حکومڕانی لەسەر ئاستی جیهان و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەتی.

پشتگوێخستن و ئاوڕنەدانەوە لە بیروڕای گشتی جەماوەر و دابین نەکردنی مافە سەرەتاییەکانیان ئاماژەیەکی خراپە، بۆیە تکایە چاوێک بە دۆخی کوردستان و هاووڵاتیاندا بخشێننەوە، بە یەک نەگرتوویی و پێک نەهاتن و ڕێک نەکەوتن ڕیسەکە مەکەنەوە بە خوری، ناکۆکی و جیاوازییەکانتان لاخەن و ناوماڵی کورد یەک بخەن بە دەست لەناودەستی و تەبایی و برایەتی.

حکوومەت نوێنەری خەڵکە نەک نوێنەری یەکێتی و پارتی و لایەنەکانیتر، بۆیە حزبایەتی بخەنە لاوە و لە بارەگاکانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتیدا حزبایەتی بکەن، بەڵام لە ناو بینای حکوومەتدا نوێنەری ڕاستەقینەی خەڵکبن.

ئێمە خەباتمان بۆ ئەم ڕۆژە نەکردووە، کە ئاوا زەلیلی کورد ببینین، بەڵکو کردمان بۆ بەدەستهێنانی ئازادی و مافە ڕەواکانی گەلی کورد وەک هەر گەلێکیتر، کە مافیان هەیە خاک و وڵاتیان هەبێ و حکوومەت و دەسەڵاتی هاوزمانیان هەبێ، کەچی ڕۆژ بەڕۆژ پەشیمانمان دەکەنەوە لەو خەبات و تێکۆشانەی کردمان، جامەکەمان خەریکە پڕ دەبێت، ئیتر ڕێگا نادەین لە پێناو بەرژەوەندی خۆتان و تاکەکەس و لایەنێکدا دەستکەوتەکانمان وێران بکەن.

هەموو دنیا چاوی لەسەر کوردە، ئەوە چەندین ساڵە وڵاتانی زلهێز سەرقاڵی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و دامودەزگا دوو لایەنەکانیترن، کەچی ئێوە بۆ مەرامی خۆتان ئامادە نین هاوکاریان بکەن و دەست لە بەرژەوەندییەکانتان هەڵناگرن.

وەرن بۆ یەک ڕۆژ سەیری دۆخی خەڵک بکەن، وەرن یەک کاتژمێر ببنە پێشمەرگە، ببنە فەرمانبەر، ببنە ئاسایش، ببنە پۆلیس یان کاسبکار، خۆتان بخەنە جێگای منداڵێکی شەهیدەوە یان دایکێکی جەرگ سوتاوەوە، کە جەرگی خۆی بۆ ئەم خاکە بەخشیوە، وەرن بۆ یەک سات ببنە کاسبکار و کرێکار و لە دۆخ و گوزەرانی سەختی ژیانیان تێبگەن، وەرن بۆ ماوەیەک ببنە کرێنشین، بزانن چەندە سەختە مووچەیەک کە بە سێ مانگ وەریدەگریت بەشی کرێی خانووەکەت ناکا و منداڵە بێتاوانەکانیشت چاویان لەدەستی تۆیە، کێ هەیە لە ئێوە بەو مووچە کەم و کاتە زۆرە بتوانێت ئیدارەی خۆی و خێزانەکەی بکات؟

تا کەی دەتانەوێ ئاوا بەردەوامبن؟ تا کەی خراپ و خراپتری دەکەن؟

پەتی ئارامیمان بەرەو پچڕان دەچێ .

 

لیوا ئەیوب یوسف سەعید

لێپرسراوی دەستەی سەرپەرشتیاری لیوای ٣ و ٧ی تایبەت

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...