هه‌واڵ

پلاسخارت: هەڵبژاردن بەبێ پارتی زەحمەت دەبێت

نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق ڕایدەگەیەنێت، بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بەبێ پارتی زەحمەت دەبێت و پێشنیاز دەکات تیمێكی نەتەوە یەكگرتووەكان هاوكار بن بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشە تەكنیكییانەی پارتی تێبینیی لەسەریان هەیە.

 

ئەمڕۆ چوارشەم، ٣ی نیسانی ٢٠٢٤، لە سەلاحەددین مەسعوود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، پێشوازی لە جنین پلاسخارت نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق كرد.

لە دیدارەكەدا و بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی “بارەگای بارزانی” بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوخۆی هەرێم و هەڵبژاردنەكانی پارلەمانی هەرێمی كوردستان ئاڵوگۆڕ كرا و جنین پلاسخارت وێڕای ئاماژەدان بە ڕۆڵی مەسعوود بارزانی و پارتی لە پڕۆسەی سیاسیی عێراق و هەرێمی كوردستان ئاماژەشی بەوە دا كە “ئاگاداری ئەوەیە كە دوو ساڵە پارتی ئامادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بووە لە كاتی خۆیدا و ئێستاش لە نیگەرانییەكانی پارتی لەمەڕ هەڵبژاردن تێدەگەن و جەختیشی لە پێویستیی بەشداریكردنی پارتی لە هەڵبژاردن كردەوە” و ڕاشیگەیاند كە “بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بە بێی پارتی پڕۆسەیەكی زەحمەت دەبێت”.

لای خۆیەوە بارزانی هۆكارەكانی هەڵوێستی پارتی ڕوون كردەوە و ئەوەی خستەڕوو كە “دادگەی فیدڕاڵ شوێنی دەسەڵاتی یاسادانانی گرتووەتەوە و بڕیارەكانی سیاسیین و بە شێوەیەك نین كە ڕێز لە قەوارەی هەرێمی كوردستان بگیرێت”.

سەرۆكی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەوەشی خستەڕوو كە “بێبەشكردنی پێكهاتەكان لە نوێنەرایەتیكردنیان زیانێكی زۆر گەورە بەو پێكەوەژیانە دەگەیێنێت كە گەلی كوردستان دەیان ساڵە لەپێناویدا خەباتی كردووە. دەبێ مافی پێكهاتەكان ڕەچاو بكرێن، چونكە ئەوانیش نەتەوەی جیاجیان و دەبێت لە كوردستاندا هەست بە بوونی خۆیان بكەن. پارلەمانێك نەتەوەكانی تری تێدا نەبێت پارلەمانێكی لەنگ و ناكامڵ دەبێت”. بارزانی لەدرێژەی قسەكانی جەختی لە پێویستیی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن كردەوە، “بەڵام هەڵبژاردنێك كە تەعبیر لە ئیرادەی گەلی كوردستان بكات و ئازاد و شەفاف بێت و دوور بێت لە دەستوەردانی دەرەكی و دیزاینی پێشوەختەی دەرئەنجامەكان”.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆكی پارتی هێمای بەوەدا كە “لە هەرێم پارتی دامەزرێنەری شەرعیەت و هەڵبژاردن بووە و خۆی لە ١٩٩١ لە شاری كۆیە ڕایگەیاندووە كە پێویستە لە شەرعیەتی شۆڕشگێڕی بەرەو شەرعیەتی یاسایی بڕۆین”. بارزانی ڕۆشنایی خستەسەر بارودۆخی عێراقیش و جەختی كردەوە كە لە عێراقدا ڕێككەوتنەكان پێشێل دەكرێن، “بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق ڕێككەوتنێكمان لەگەڵ لایەنە سیاسیەكان لە كاتی پێكهێنانی ئیئتیلافی ئیدارەی دەوڵەت هەبوو و تا ئێستا هیچ یەك لە خاڵەكانی ڕێككەوتنەكە جێبەجێ نەكراون. لەگەڵ ئەوەش لە بەغدا بەشێوەیەكی نادەستووری دەستیان بۆ ژیانی خەڵكی كوردستان بردووە و مووچە و قووتی خەڵكی كوردستانیان وەك چەكێك بۆ تێكدانی سەقامگیریی هەرێم و بێزاركردنی خەڵكی كوردستان بەكار هێناوە”.

هەروەها، بەپێویستی زانی لەپێناو بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی پاك و شەفافدا كێشە تەكنیكییەكان چارەسەر بكرێن و لەژێر چاودێریی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا بێت.

لەبەشێكی تری ئەو دانیشتنەدا نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق ئەوەی ڕاگەیاند كە كێشەی مووچەی لە ڕاپۆرتی خۆی بۆ ئەنجوومەنی ئاسایش باس كردووە و ناكرێت جیاوازیی نێوان فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان و بەشەكانی تری عێراق هەبێت و لە هەوڵی ئەوەدا دەبێت بابەتی مووچە و شایستەداراییەكانی خەڵكی كوردستان لەگەڵ حكوومەتی عێراق باس بكات. هەروەها پێشنیازیشی كرد بۆ بابەتی هەڵبژاردنەكانی هەرێم، تیمێكی نەتەوە یەكگرتووەكان هاوكار بن بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشە تەكنیكییانەی كە پارتی تێبینیی لەسەریان هەیە.

لەو كۆبوونەوەدا هەردوولا جەختیان لەوە كردەوە كە بۆ پاراستنی پڕۆسەی دیموكراسی و سەقامگیریی هەرێم پێویستە گرفتەكانی بەردەم بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن چارەسەر بكرێن.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...