هه‌واڵ

سەرۆکوەزیرانی عێراق: لەیاسای بودجەدا نەهاتووە پارە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بنێرین

زێدپرێس

 

محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، سەبارەت بە دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، لە یاسای بودجەدا باس لە پێدان و ناردنی پارە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم نەکراوە، بەڵکوو پشکی هەرێمی کوردستان هاتووە.

ئەمڕۆ دووشەم ١١ی ئەیلوولی ٢٠٢٣، محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق دیدارێکی لەگەڵ ژمارەیەک میدیاکار ڕێکخست. لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ناکۆکییەکانی هەولێر و بەغدا لەسەر بودجە و کێشەی دابین نەکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، محەمەد شیاع سودانی ڕوونکردنەوەی خۆی پێشکەش کرد.

سودانی ئاماژەی بەوە کرد، نە وەزیری دارایی و نە ئەنجوومەنی وەزیران لە دەرەوەی یاسا بڕیار نادەن، بەڵکوو یاسای بودجە هەیە و بەپێی ناوەڕۆکی یاسای بودجە مامەڵە لەگەڵ پشکی هەرێم دەکرێت.

سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕوونیکردەوە، دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران لە یاسای بودجەدا نەهاتووە، باس لە دابینکردنی پشکی هەرێمی کوردستان کراوە و لەو چوارچێوەیەدا دەبێت مووچەی فەرمانبەران دابین بکرێت.

دووپاتی کردەوە، کە خۆی و ئەنجوومەنی وەزیران و وەزیری دارایی پابەندین بە جێبەجێکردنی یاسای بودجەوە، جیا لەوە، لە دەسەڵاتی ئەنجوومەنی وەزیراندایە، کە قەرز بە هەرێم بدات تاوەکوو مووچەی فەرمانبەران خەرج بکرێت.

محەمەد شیاع سودانی لە درێژەی لێدوانەکەیدا، باسی لە بانگهێشتکردنی هەردوو وەزیری دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان کرد لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە و بۆ ڕوونکردنەوە و گفتوگۆکردنی کێشەی پشکی هەرێم لە بودجەی فیدڕاڵیدا و ئاماژەی بەوە دا، کە لە کۆبوونەوەی هەردوو وەزیرەکە لەگەڵ لێژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەران و دواتر هەر ڕاسپاردەیەک لە لێژنەی داراییەوە بدرێت، حکوومەت پابەندی جێبەجێکردنی دەبێت.

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...