هه‌واڵ

پێشمەرگەیەک لەکاتی کرێکاری لەناو ئەنجوومەنی وەزیران گیانی لەدەستدا

زێدپرێس

 

پێشمەرگەیەک کە هاوکات کرێکاری دەکرد، لەکاتی کارکردن لەناو باڵەخانەیەکی نوێی ئەنجوومەنی وەزیران بە تەزووی کارەبا گیانی لەدەستدا.

ڕووداوەکە، ئەمڕۆ چوارشەم ١٣ی ئەیلوولی ٢٠٢٣ ڕوویدا.

هەوراز سەلیم تیمی سەندیکای کرێکارانی کوردستان/لقی هەولێر، بۆ بەدواداچوونی دۆسیەکە سەردانی شوێنی ڕووداوەکەی کردووە. ئەو، بۆ زێدپرێس ئاماژەی دا، قوربانییەکە بەناوی کارزان فارس ڕەحمان، لەدایکبووی ساڵی ١٩٨٨ و دانیشتووی شاری هەولێرە.

ڕوونیکردەوە، کارزان فارس پێشمەرگەیە و وەک کاری دووەم لەگەڵ دارتاشێک کرێکاری کردووە.

بەگوێرەی بەدواداچوونی تیمی سەندیکای کرێکاران، ڕووداوەکە لەکاتی کارکردن لە باڵەخانەیەکی نوێی ئەنجوومەنی وەزیران ڕوویداوە، میکسەرێک کە بۆڕی هەڵگرتووە، خۆی لە تەلی کارەبایەکە داوە و بۆڕیەکەیش بەدەست کرێکارەکەوە بووە و لە ئەنجامی تەزووی کارەباکەدا گیانی لە دەستداوە.

هەوراز سەلیم ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، پێویست بوو لەکاتی کارکردنیاندا، کارەبای شوێنەکە ببڕدرێت، لەپێناو پاراستنی سەلامەتی کرێکارەکان، بەڵام ئەوە نەکراوە.

کارزان فارس ڕەحمان، کە ئەمڕۆ گیانی لە دەستدا، هاوسەردارە و دوو منداڵی هەیە.

ئەوە، هەشتەمین کرێکارە، لەماوەی ئەمساڵ و لە کاتی کارکردن لە شاری هەولێر گیان لە دەست دەدات.

هەرچەند دوایین ڕووداو، قوربانییەکە پیشەی سەرەکی پێشمەرگەیە و وەک کاری دووەم کرێکاری کردووە، بەڵام هەر حەوت کرێکارەکەی پێشتر گیانیان لەدەستدا، هیچ کامیان دەستەبەری کۆمەڵایەتی و خانەنشینیان نەبوو، بەپێی بەدواداچوونی پێشتری زێدپرێس لەسەر دۆسیەی قوربانییەکانی کار لە شاری هەولێردا.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...