هه‌واڵ

قاسم ئەعرەجی: هیچ ڕێککەوتنێکی ئەمنی لە نێوان عێراق و ئێران نییە

ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق، ڕایدەگەیەنێت، هیچ ڕێککەوتنێکی ئەمنی لە نێوان عێراق و ئێران نییە، جگە لە یاداشتی لەیەکترتێگەیشتن.

 

ڕاگەیاندنەکەی ئاسایشی نیشتمانی عێراق، ڕوونکردنەوەیەکە بۆ ئەو هەواڵانەی کە باس لەوە دەکەن، لە میانەی سەردانەکەی عەلی لاریجانی ئەمینداری گشتی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران بۆ بەغدا ڕێککەوتنێکی ئەمنی لە نێوان عێراق و کۆماری ئیسلامی ئێران واژۆ کراوە.

 

ڕاگەیەندراوەکە، بەناوی قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق بە چەند خاڵێک ڕوونکردنەوەی لەسەر ئەو دەنگۆیە داوە. لەناویاندا عێراق کۆنووسێکی ئەمنیی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران هەبووە، کە لە 19ی ئازاری 2023 واژۆ کراوە و بە ڕێککەوتنی ئەمنی هاوبەش سەبارەت بە ئاسایشی سنوورەکان و ڕێوشوێنەکانی دوورخستنەوەی ئۆپۆزسیۆنی کوردی ئێرانی کە لە هەرێمی کوردستانن.

 

ئەعرەجی ڕوونی کردووەتەوە، کە ئامادەکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنەکە کاتێکی پێویستی خایاندووە و دواتر بە ئەنجومەنی وەزیران دراوە، و بە بڕیارێکی ئەنجوومەن پەسەندکراوە.

 

زیاتر دەڵێ، دوابەدوای دەستبەکاربوونی لاریجانی و سەردانەکەی بۆ بەغدا، یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن بە سەرپەرشتی و بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیران واژۆ کرا.

 

ئەوەش هاتووە کە دوایین یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی ئەمنی کە ئیمزا کرابوو، پێش هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران ئامادە کراوە.

 

لەکۆتایی ڕاگەیەندراوەکەشدا، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق دووپاتی دەکاتەوە کە هیچ ڕێککەوتنێکی ئەمنی لە نێوان هەردوو عێراق و ئێراندا نییە؛ بەڵکو یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی ئەمنی هەیە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button