هه‌واڵ

سەرۆکی ڕێکخراوی کەمئەندامان: ٦٥ ڕۆژە ٧٦ هەزار کەمئەندام بەدەست برسییەتی و بێپارەیی دەناڵێنن

سەرۆکی ڕێکخراوی کەمئەندامان لە سلێمانی، بەتوندی ڕەخنە لە حکوومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەگرێت، بەهۆی دابەش نەکردنی مووچەی کەمئەندامان و داوا لە سەرمایەدارانیش دەکات بە هانای کەمئەندامانەوە بچن.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

سامان حوسێن سەرۆکی ڕێکخراوی کەمئەندامان لە سلێمانی، ئەمڕۆ یەکشەم، ٢ی ئەیلوولی ٢٠٢٤، لەبەردەم بانکی تووی مەلیک لە شاری سلێمانی بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، “ئەمڕۆ لەبەردەم بانکێکی بەتاڵ لە پارە کۆبوونەتەوە. ئەمڕۆ ٦٥ ڕۆژە زیاتر لە ٧٦ هەزار کەمئەندام بەدەست برسییەتی و بێمووچەیی و بێپارەیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەناڵێنن”.

سەرۆکی ڕێکخراوی کەمئەندامان ئاماژەی دا: “لەکاتێکدا وەزارەتی دارایی دەیتوانی بە یەک هەفتەی داهاتی سلێمانی نەک مووچەیەک، دوو مووچەی کەمئەندامانی کوردستان بدات”.

زیاتر گوتی: “هەموو مووچەی کەمئەندامانی کوردستان تەنیا ١١ ملیار دینارە، هیچ هەفتەیەک داهاتی ناوخۆی سلێمانی لە ١٩ تا ٢٠ ملیار دینار کەمتر نییە”.

سامان حوسێن هەڵوێستی حکوومەتی هەرێم و لایەنە پەیوەندیدارەکانی لە بەرانبەر کەمئەندامان بە “بێویژدانی و بێخەمی” پێناسە کرد و گوتی: “٦٥ ڕۆژە کەمئەندامان دەچنە بەردەم بانکەکان و بە نائومێدی و دڵێكی پڕ گریانەوە دەگەڕێنەوە ماڵەکانی خۆیان:، لەکاتێکدا وەک ئاماژەی دا، مووچەی کەمئەندامان تەنیا ١٥٠ هەزار دینارە و ئەگەر دوای ٦٥ ڕۆژ وەریبگرن، تەنیا دوو هەزار و ٢٥٠ دیناریان بۆ دەمێنێتەوە. ئەو پرسی: “دوو هەزار و ٢٥٠ دینار کەسێک پێی دەژی؟”.

“داوا دەکەم مووچەی کەمئەندامان نەخەنە چوارچێوەی لیستی مووچەوە، ئەوپەڕی بێویژدانی و بێڕێزییە مووچەی کەسێک کە ١٠٠ هەزار دینارە، بخەیتە ئاستی مووچەی وەزیرێک کە هەشت ملیۆن دینار وەردەگرێت”، سامان حوسێن وای گوت.

سەرۆکی ڕێکخراوی کەمئەندامان، بە نیگەرانییەوە ئاماژەی بە برسییەتی و دۆخی خراپی کەمئەندامان کرد و لەو ڕوانگەیەشەوە داوای لە سەرمایەداران و دەوڵەمەندان کرد، بە هانای کەمئەندامانەوە بچن و دەستی یارمەتییان بۆ درێژ بکەن.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...